٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

لیژنەی ناوچەی لەندەن وێبینارێكی بۆ د. بەشیر حەداد ساز كرد

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info- لە درێژەی كار و چالاكییەكانی لیژنەی ناوچەی لەندەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە میانەی وێبیناری هەفتانەی ناوچەدا، میوانداریی دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرا و بابەتێكی لە ژێر ناونیشانی (پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ و یاسای بودجەی فیدڕاڵیی ساڵی ٢٠٢١) پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

لە وێبینارەكەدا، كە نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، یەكێتیی ئەورووپا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و كاربەڕێكەری نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە ڕووسیا و ژمارەیەك كادیر و ئەندام و لایەنگری پارتیمان ئامادەى بوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بابەتی وێبینارەكەی بۆ سێ تەوەری سەرەكی دابەش كرد. 

سەرەتا تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەر لە ساڵی ٠٠٣ ٢ و دوای رووخانی ڕژێمی بەعس. گوتیشی: "عێراق هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، وڵاتێك بووە پڕ لە كێشە و گرفت. لە ڕووی پێكهاتەی نەتەوایەتی و ئایینی و مەزهەبییەوە جۆراوجۆرە، كوردیش یەكێكە لەو پێكهاتانەی‌ كە نەتواندرا مافەكانی جێبەجێ بكرێت. تەنانەت كەمترین مافی خۆشی پێ ڕەوا نەبیندراوە". ئاماژەشی بەوە دا كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، كورد لەسەر بنەمای "شەڕاكەت، تەوافوق و هاوسەنگی"ـیەوە بەشداری لە پڕۆسەی نوێی سیاسیی وڵاتدا كرد. گوتیشی كورد تا ئێستا كار بەو بنەمایانە دەكات و دەستی پێیانەوە وەگرتووە. هەروەها گوتی: "باشییەكانی بەشداریكردنمان لە پڕۆسەی سیاسیدا، زۆرتر بوو لە خراپییەكانی. بۆ نموونە توانیمان بەشدار بین لە نووسینەوەی دەستوورێك كە ئەگەر هەمووشی نەبێت، بەڵام بەشێك لە مافەكانمانی تێدا نووسراوە و دان بە‌ فیدڕاڵییەت و بە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی و ئیداریدا دەنێت."

سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵیش بۆ ساڵی ٢٠٢١، دكتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا، كە بەغدا هیچ كاتێك بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی وەك خۆی نەناردووە، هەتا لەو كاتانەشدا كە بەشی هەرێم بە ١٧٪ جێگیر كرابوو. گوتیشی، هاتنی شاندەكانی حكوومەت و شاندە سیاسییەكانی هەرێم بۆ بەغدا و ڕۆڵی ئەوان لە بەغدا، وای كرد كەوا ماددەی ١١ی یاسای بودجە بەو شێوەیە جێگیر بكرێت كە هەرێمی كوردستان داوای دەكرد و دەسكەوتێكی باش بوو لەو كات و ساتەدا.

سەبارەت بە ئاستی یەكڕیزیی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا كەوا ئەوان لە كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە دوای دەستبەكاربوونیان وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كاریان لەسەر ئەوە كردووە كەوا یەكدەنگی لە نێوان كوتلە كوردستانییەكاندا دروست بكەن، چونكە یەكڕیزیی كورد لە بەغدا، دەتوانێت دەستكەوتی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان وەدەست بێنێت. گوتیشی، بە داخەوە جیاوازییە سیاسییەكان لە كوردستان زۆربەی كاتەكان وایان كردووە ڕەنگدانەوە لەسەر هەڵوێستی كوتلە كوردستانییەكانیش دروست بكات. 

لە كۆتایی وێبینارەكەشدا چەندین پرسیار و تێبینی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشكەش كران.

 

هەواڵی پەیوەندیدار