وەزارەت گۆڕانکارییە نوێیەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ KDP.info دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، پرۆسەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست گەیشتووەتە ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارە بەم نزیکانە بۆ ڕێکاری جێبەجێکردن بگەڕێندرێتەوە، جەختیشی کردەوە کە حکوومەت بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست داوە، تاوەکو ژمارەیەکی زیاتریان لێ سودمەند بێت.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ھەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی دارایی تەواو بوون و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراون بۆ وردبینی. ھەر کاتێک وردبینییەکە کۆتایی ھات، ناو و داتاکان بۆ وەزارەتی شارەوانی ڕەوانە دەکرێن تاوەکو ڕێکارە کردارییەکانی پێدانی زەوی بەو توێژە دەست پێبکات."
لەبارەی مەرجەکان و بەراوردیان لەگەڵ فەرمانبەرانی ھەمیشەیی، بەڕێوەبەری یاسایی ڕوونی کردەوە،: "چەند مەرجێک دانراون، لەوانە ھەبوونی ھەشت ساڵ خزمەت و سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی لە پێشتردا. بەڵام خاڵێکی جەوھەری لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕیاری لێ دراوە، لە کاتێکدا بۆ فەرمانبەرانی ھەمیشەیی ھەشت ساڵ خزمەتەکە تاوەکو ۱ی ئابی ۲۰۲٤ ھەژمار کرابوو، بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست خزمەتەکە تاوەکو ۳۱ی کانونی یەکەمی ۲۰۲٥ ھەژمار دەکرێت. ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەیە و وادەکات ڕێژەیەکی بەرفراوانتری فەرمانبەرانی گرێبەست بشێن بۆ وەرگرتنی زەوی."
سەربەست مەولوود ئاماژەی بە بەردەوامیی پرۆسەکەش دا و گوتی، "ناوی ۲ ھەزار و ٥٠٠ مووچەخۆری دیکە کە زۆربەیان پێشمەرگەن ڕەوانەی ئانجومەنی وەزیران کراوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی. پێشبینی دەکەین ھەفتەی داھاتوو ناوەکان بگەڕێنەوە و ڕادەستی شارەوانییەکان بکرێن، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ۱۳۰ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان لە بڕیاری دابەشکردنی زەوی سوودمەند بوونە."
زیاتر گوتیشی، "وەزارەتی شارەوانی بەردەوام گوشار دەکات تاوەکو ڕێکارەکان خێراتر بکرێن، بەڵام ھەندێک ھۆکاری خاوبوونەوە پەیوەندییان بە فرەییی ڕێکارە یاساییەکان و نەبوونی زەویی پێویست لە بەشێک لە شارەوانییەکاندا ھەیە کە کاریان لەسەر دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




