سۆفی : بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسی داڤووس لەڕووی سیاسی وئابوری گرنگی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە

ھەولێر_KDP.info_ سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسیەکان گوتی ، بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسی داڤووس لەڕووی سیاسی و ئابوری گرنگی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە ، چونکە دەتواندرێت پەیوەندیەکانی ھەرێم و وڵاتان باشتر لێ بکرێت و ھانی کۆمپانیاکانیش بدرێت بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن.
نەسرەت سۆفی ، سەرۆکی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسیەکان ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە ، چونکە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانیویەتی لۆبیەک دروست بکات و ئەوسەرکردانەی وڵاتان دەبینێت بەراشکاوانە باسی دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستانیان بۆ بکات بەتایبەت باسی بۆردوومانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەبێ پاساو بۆردوومانی خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان بکات ، کەپێشێلکردنی ھەموو یاسا و عورفێکی نێودەوڵەتییە ، بۆئەوەی وڵاتان ھەڵوێستێکی جدیان ھەبێت.
نەسرەت سۆفی گوتیشی ، لەڕووی ئابوریش گرنگی زۆری ھەیە ، کە گفتووگۆ لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا بەشداربووەکانیش دەکرێت ، بۆ ئەوەی باسی ھەرێمی کوردستانیان بۆ بکەن دۆخەکە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی بێن کاری لێ بکەن لەڕووی وەبەرھێنان ، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە.
سۆفی باسی لەوەشکرد، ئەم بەشداریکردنە لەڕووی سیاسیش گرنگی زۆری ھەیە بۆ ئەوەی وڵاتان لەودۆخە سیاسیەی بەسەر ھەرێمی کوردستان ھاتووە باس بکات و ھەرێمی کوردستان لە چ بارودۆخێکدایە ، بۆیە ئەمە وادەکات پێگەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بەھێز بیت وپەیوەندیەکانیش لەگەڵ وڵاتان زیاتر پەرەی پێبدرێت و بچێتە قۆناغێکی تازەوە، ئەمەش وادەکات لەداھاتوو شاندی باڵا بێنە ھەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە ھەرێمی کوردستان بەچاوی خۆیان ببینن ، بۆ ئەمە لەڕووی ئابوری وسیاسی گرنگی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




