٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

خەسرۆ گۆران: پێویستە دیموكراسییەتێكی راستەقینە لە وڵاتدا پێڕۆ بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

پیرمام -kdp.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری كۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەرێم ڕایگەیاند، كێشەكانی ئێستای عێراق قووڵن و بە ئاسانی نایەنە چارەكردن، بۆیە پێویستە دیموكراسییەتێكی راستەقینە لە وڵاتدا پێڕۆ بكرێت. دەشڵێت: "پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە كاری بۆ چەسپاندنی دیموكراسییەت لە عێراقدا كردووە".

 

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق (خەسرۆ گۆران)، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هاوینەهەواری پیرمام پێشوازی لە جێگری كۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان (ئەنگەس مەككی) و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باس لە دواپێشهاتە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و كوردستان كرا بە تایبەتی پرسی دانیشتنەكانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەگەرەكانی دواخستنی دانیشتنەكان و چۆنیەتیی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ رزگاركردنی عێراق لەم قەیرانە سیاسییە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارەكەدا گوتی: "كێشەكان قووڵن و بە ئاسانی نایەنە چارەكردن، عێراقیش پێویستی بە هاوكاریی دۆستانی  هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەیەكی گونجاو بە جۆرێك ماف و خواستەكانی گەلانی عێراق تێیدا لە بەرچاو بگیرێن و دیموكراسییەتێكی راستەقینە لە وڵاتدا پێڕۆ بكرێت". (گۆران) هەروەها هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ شاندی ناوبراو ڕوون كردەوە و ڕایگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە كاری بۆ چەسپاندنی دیموكراسییەت لە عێراقدا بە گشتی كردووە".

لە بەرامبەردا (ئەنگەس مەككی) ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و گوتی: سەركردایەتیی كوردستان هەردەم بەشێك بوون لە چارەكردنی كێشەكان".

هەواڵی پەیوەندیدار