٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

شاندێكی پارتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ لە سلێمانی كۆ بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی -KDP.info-  شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكانی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ شاندی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیدا كۆ بووەوە.

لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە باڵاكانی پارێزگا لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پ.د.ك لە سلێمانی (عزەدین بەرواری) و ئەندامی مەكتەبی سیاسی و یاریدەدەری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پ.د.ك (فەرەیدوون جوانڕۆیی) و ئەندامانی ئەنجوومەن (برووسك نووری شاوێس) و (رزگار ئەژی گۆران)، لەگەڵ شاندی یەكگرتووی ئیسلامی كە پێك هاتبوو لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی (د. محەممەد ئەمین) و ئەندامی سەركردایەتی (عوسمان كاروانی)، هەروەها نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی (رێبوار حامید) و سەرۆكی لیستی هاوبەشی یەكگرتوو و كۆمەڵ (مەهدی مەحموود)، كۆ بوونەوە.

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكەیش هیچ لایەك زانیاریی تەواوی بە رۆژنامەنووسان نەدا. جێ باسە، پاش ئەوەی لە رۆژی 26-6 یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای سلێمانی ئەنجام درا، تێیدا بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم دەبووایە سەرۆك و جێگرەكەی دەستنیشان بكرابانایە، بەڵام بە هۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان كۆبوونەوەكە بە كراوەیی مایەوە و ماوەی 15 رۆژ وەك مۆڵەت بە لایەنە سیاسییەكان درا بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كە تا ئێستایش كۆبوونەوەكان بێئەنجام دەردەكەون.

ئارمان مەلازادە

هەواڵی پەیوەندیدار