دانیشتووانی بازیان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەردوو لیستی 76 و 213 دووپات دەكەنەوە

لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا، دانیشتووانی ناحیەی بازیان و دەروبەری بە گەرمی پێشوازییان لە كاندیدەكانی هەردوو لیستی 76 و 213-ی پارتی دیموکراتی کوردستان كرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ كاندیدەكانی دووپات كردەوە.
لە ناحیەی بازیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە دۆست و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاهەنگێك بۆ ناساندنی كاندیدەكانی هەر دوو لیستی 213 بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و 76 بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێوە چوو. ئاهەنگەكە كە لە لایەن لیژنەی ناوچەی بازیانەوە رێك خرابوو، سەرەتا بە چەند ساتێك وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ كرد و دواتر وتاری هەر یەك بەرپرسی لقی 21 و لیژنەی ناوچەی بازیان خوێندرانەوە و پاشان كاندیدانی هەر دوو لیست زیاتر خۆیان بە ئامادەبووان ناساند. دانیشتووانی ناحیەی بازیان و دەروبەریشی بە گەرمی پێشوازییان لە كاندیدەكان كرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ لیست و كاندیدەكانی پارتی دووپات كردەوە .
ئەگەرچی چەند جارێک بارەگای لق و ناوچەیەکیش لە سلێمانی تەقەی لێ کراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بە شێوەیەكی ئارام و دیموكراسی و دوور لە توندوتیژی، بە تایبەتیش لە شاری سلێمانی ئەو راستییەی وەبیر جەماوەری كوردستان هێنایەوە كە پارتی تەنیا بە ناو هەڵگری دیموكراسی نییە، بەڵكو ستراتیژ و بەرنامەی كاركردنی ئەم حیزبە لە سەر بنەماكانی دیموكراسی بونیات نراوە.
سلێمانی / ئارمان مەلازادە




