هەولێر.. پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پیرۆزبایی جەژن سەردانی برا مەسیحییەکان دەکات

ئەمرۆ لە کەش و هەوایەکى ئارام و سەقامگیردا جەژنى لە دایک بوونى حەزرەتى مەسیح سڵاوى خواى لێ بێت و سەرى ساڵى نوێ لە شارى هەولێر بەرێوەچوو ، بەم بۆنەوە سەر لە بەیانى ئەمڕۆ شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان کەپێکهاتبوون لە کاکەمین نەجار سەرۆکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى پارێزگاى هەولێر و ئەحمەد کانى بەرپرسى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییە نیشتمانییەکان و عەلى حوسێن بەرپرسى لقى دوو و ئەندامانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى پارێزگاى هەولێر و کارگێرانى لق و ئەندامانى پەیوەندییە نیشتمانییەکان سەردانى ( ئەسقەفیەى ئیباریشاى ماریوسف) و (کەنیسەى ماریوخەنا) و ( کەنیسەى مارگۆرگیس) یان لە شارۆچکەى عەنکاوە و شۆرش کرد و لەلایەن مەتران (ماربەشار مەتى وەردە ) سەرۆکى ئەسقافیەى ئیباریشاى ماریوسف و (ئەنتوان مارزەیا) قەشەى کەنیسەى ماریوخەنا و (ئیشا داود ) قەشەى کەنیسەى شۆرش و پیاوانى ئاینى مەسیحى پێشوازى کران .
لە دیدارێکدا شاندى پارتى پیرۆزبایی پارتى دیموکراتى کوردستانیان ئاراستەى سەرجەم خوشک و برایانى مەسیحى کردو هیوایان خواست لەم یادە پیرۆزەدا خوشک و برایانى مەسیحى لە ژێر سایەى ئاشتى و ئارامى وسەقامگیرى هەرێمى کوردستان چەژنێکى پرخۆشى وکامەرانى بەسەر ببەن، هەروەها شاندەکە تەئکیدیان لەپاراستن و پتەوکردنى گیانى برایەتى و پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى نێوان گشت پێکهاتەو ئاین و نەتەوەکان لە هەرێمى کوردستان کردەوەو هەرێمى کوردستانیشیان وەک شوێنێکى ئارام بۆ هەموو خەلکى مەسیحى نەتەوەکانی تر دانا کە لەناوچەکانى ترى عێراق هاتوون، لەلاى خۆشیانەوە پیاوانى ئاینى مەسیحى ستایشى هەموو ئەو هەولانەى سەرۆک بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستانیان کرد بۆ هێنانەکایەى ئەو ئارامى و تەبایى و برایەتیەى نێوان هەموو پێکهاتەکانى لە کوردستان و تەئکیدیان لە هەماهەنگى خۆیان لە سەرخستنى ئەزموونى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان کردەوە




