كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لەدرێژەی كۆبوونەوە هاوبەشەكانیان، هەردوو لیژنەی تایبەت، ئەمڕۆ 24/12/2013 لە هەولێر كۆبوونەوە و، سەبارەت بەم تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆكرا:
یەكەم: پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی كە لەم بارەوە هاوێژراون لە نێوان هەردوولا و لایەنەكانی دیكەش، كۆبوونەوە جەختی لەسەر یەكڕیزی نیشتمانی و پێكەوەكاركردنی هەموو لایەنەكان بۆ گەیاندنی كۆمەڵگای كوردستانی بە قۆناغێكی پێشكەوتووتر كردەوە، كە لەسایەیدا ژیانی خەڵكی كوردستان بەرەو ئاستێكی باشتربچێت، هەروەها هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم خێراتر و چڕتڕبكرێنەوە.
دووەم/هەردوولا تەئكیدیان لەسەر دروستكردنی هاوئاهەنگی بۆ زەمینەسازی كەش و هەوایەكی ئارام، كردەوە، كە لەسایەیدا كابینەی داهاتوو بتوانێت تەواوی پڕۆژە و بەرنامەكانی كە بریتی دەبن لە دابینكردنی پێداویستەكانی ژیانێكی سەردەمیانە و شایستە بە تەواوی خەڵكی كوردستان، جێبەجێ بكات.
سێیەم/هەردوولا جەختیان لە رەچاوكردن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی كردەوە، هەروەها هەوڵ و كۆششەكان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی حوكمی یاسا و پتەوكردنی بنچینەكانی یەكڕیزی نیشتمانی و پێشكەوتنی كۆمەڵگا لەهەموو بوارەكاندا، بەردەوامدەبێت.
هەروا كۆبوونەوە بڕیاریدا لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی داهاتوو ئەنجامبدرێت..
- لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
- لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
24/12/2013




