بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا
بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لق و مەكتەبەكان كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەنجام درا و لەسەر ئەم بابەتە و تەوەرانە گفتوگۆكرا.
تەوەری یەكەم:سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كەلە 21/9/2013 ئەنجامدرا گفتوگۆ كرا وێرای سوپاسی هەموو بەرپرسان و كادیران و ئەندامان و لایەنەگیران و جەماوەری پارتیمان و خەڵكی كوردستان بۆ ئەو هەوڵ و كۆششانەی كردیان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بە شێوەیەكی ئازاد و دیموكراسیانە لە لایەك و لە لایەكی دیكە وە دەست خستنی دەنگ و متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی پارتیمان براوەی یەكەم و لیستی یەكەم بێت لە كوردستان، كۆبوونەوە بە باش زانی پێداچونەوەیەكی گشتی بكرێت بۆ دیاریكردنی خاڵە بەهێزو لاوازەكان و زیاتر بەگوروتین خستنی هەموو دام و دەزگاكانمان تا لە ئاستی متمانە خەڵكی كوردستان بین چونكە بەم متمانە بەخشینە بەرپرسیاریەتیمان زێدەتر دەبێت.
تەوەری دووەم:بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم هەڤاڵ (نێچیرڤان بارزانی) كاندیدی پارتیمان دەبێت و لیژنەیەك هاوكاری دەبن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی كە لە پرۆسەی هەڵبژاردن براوەی كورسی پەرلەمان بون و بۆ پێكهێنانی كابینەیەك كە لە خزمەتی تەواوی خەڵكی كوردستان دابێت.
تەوەری سێیەم:سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق كە لە چەند رۆژی رابردوو بە زۆرینەی دەنگ تێپەرێندرا، باسی هۆكارو كاریگەری یەكانی كە لە دەرەوەی پەرلەمان هەن بۆ دروستكردنی بریارو یاساكان كرا و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لیژنەی كە ئەم كارەی لە ئەستۆ گرتبو گفتوگۆ دەكرێ و كۆبوونەوە نیگەرانی سەبارەت بە شێوەی یاسای هەڵبژاردن بە تایبەتی كۆتای ئێزیدی و فەیلی نیشاندا.
تەوەری چوارەم:سەبارەت بە بارودۆخی عێراق بە گشتی و باری ئەمنی بە تایبەتی گفتوگۆكرا وكە كێشەو ئاڵوزییەكان رۆژ بە رۆژ زێدەتر دەبن و كۆمەلێك فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكی كاریگەرن لە قولتر كردنەوەی گرفتەكان و ناسەقامگیری كە لە ئاكامدا دەبێتە هۆی دروست كردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەم و كوری زۆری خزمەتگوزاری و كۆبوونەوە ئەم شێوە ژیانەی بە شایستەی خەڵكی عێراق نازانێ و دەبێ هەوڵی چارەسەركردنی بە جدی بدرێت.
تەوەری پێنجەم:لە تەوەرەكی دیكەدا بارودۆخی سوریا و رۆلی لایەنەكانی كوردی لەو پارچەیەی كوردستان و باسی گرفتە نێوخۆیەكانیان كراو باسی هەوڵەكان كرا بۆ پتر كاراكردنی رۆلیان كە بە داخەوە لایەنێك بە تەنیا رێگرە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان تواناكانیان بخەنەگەر و رۆلی خۆیان ببینن لەم بارودۆخەی كە ئێستا لە سوریا هاتۆتە ئاراوە و پارتیمان وێرای تەواوی پشتگیری خۆی لە خوشك و برایانمان لە كوردستانی سوریا گرنگی بە دروستكردنی هەماهەنگی و بەگەر خستنی تەواوی توانای هەموو لایەك دەدەین و كە لە ئاكامدا خەڵكی ئەو پارچەی كوردستان پتر سوودمەند بن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
7/11/2013




