بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی و سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی تەرمی خوالێخۆشبێت لیوا دڵشاد نەجیب لە هەولێر بەخاك سپێدرا
هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە تەرمی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرینی گەلی كورد و جێگری فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی خوالێخۆشبێت( لیوا دڵشاد نەجیب) لەرێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەیشتە خاكی نیشتمان و لەفرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە مەراسیمێكی تایبەتدا كە ژمارەیەك زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكومی و هەڤاڵ و كەسوكاری خوالێخۆشبێت پێشوازی لە تەرمەكەی كراو دوای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لەلایەن ئامادەبووانی مەراسیمەكە بە رێورەسمی سەربازی تەرمی خوالێخۆشبێت بەرەو گۆرستانی (شێخ ئەحمەد) لەشاری هەولێر بەڕێكرا .
دواتر لە گۆرستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان (سیداد بارزانی) نوێنەری بەڕێز سەرۆك بارزانی و ( فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و (كاكەمین نەجار) بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان) و فەرماندەو ئەندامانی فەرماندەیی و ژمارەیەك زۆر لە ئەفسەر و پلەدارانی زێرەڤانی تەرمی خوالێخۆشبێت سپاردەی خاك كرا و دواتریش بەرێز( فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و لەمیانەدا گوتی" خوالێحۆشبوو لیوا دڵشاد یەكێك بوو لە ئەفسەر و گەنجە قارەمان و خۆشەویستەكانی شۆرشی ئەیلولی مەزن و دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ تا دوا ساتەكانی ژیانی خوالێخۆشبوو هاوشانی برایانی لە فەرماندەیی زێرەڤانی بەردەوام بوو لە خزمەتكردن و پەروەردەو هەڵسوكەوتی خوالێخۆشبوو لیوا لیوا دڵشاد جێگای رێز و سەرنجی هەمووان بوو و دەبێت ئەوەش بگوترێـت كە خەبات و بەرخودانی ئەو كەڵە پیاوانەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان ئازادە و بەبۆنەی كۆچی دوایی ئەو هەڤاڵەمان سەرەخۆشی لەخۆمان و سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەو پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی زێرەڤانی و خانەوادەكەی دەكەین چونكە كاك دڵشاد لە هەموومان رۆیشتووە.
ناوبراو گوتیشی" لەدەستدانی ئەو جۆرە كەسانە ئیرادەمان بەهێزتر دەكات چونكە ئەركی زیاتر دەكەوێتە سەرشانی ئێمە و داواكاریشمان لە گەنج و لاوانی ئەمڕۆ شوێنەواری ئەو جۆرە قارەمانانە بزر نەكەن و دووبارە هەزار سڵاو لە گیانی كاكە دڵشاد و شەهیدەكانی كوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ .
دواتر بەرێز( لیوا عەزیز وەیسی) فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی بەبۆنەی كۆچی دوایی خوالێخۆشبێت(لیوا دڵشاد نەجیب) پێشكەش كردو لەمیانەدا ئاماژەی بە رۆڵی خوالێخۆشبێت لە رابردوو تاوەكو دوا ساتەكانی ژیانی داو بەرزنی نرخاند هەروەها گوتی خوالێخۆشبێت رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە سەرخستنی هێزی زێرەڤانی و باش راپەڕاندنی ئەرك و كارەكانی فەرماندەییمان و گوتیشی كاتێك خوالێخۆشبێت بەهۆی نەخۆشیەكەیەوە لە نەخۆشخانە بوو بەردەوام پەیوەندی دەكرد و لە خەمی خاك و نیشتمانەكەی بوو.
شیاوی ئاماژە بۆكردنە خوالێخۆشبێت (لیوا دڵشاد نەجیب) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە رۆژی 2- 10 -2013 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشیەوە كۆچی دوایی كرد.




