٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ جەماوەر و لایەنگرانی پارتی بە بۆنەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

پڕ بە دڵ پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی یەكە بە یەكەی ئەندام و كادر و لایەنگر و هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بە بۆنەی سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و هەروەها بۆ ئەو هەوڵ و پابەندییەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن و پڕۆسەی هەڵبژاردن نیشانیان دا و بە بڕوا و خۆبەخشییەوە كاریان بۆ سەرخستنی پارتەكەیان كرد.

ڕێبازەكەتان پڕە لە سەروەری و دەستكەوت و ڕێگە پیرۆزەكەتانیش هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە. زۆر سوپاستان دەكەم كە بڕوابەخۆبوون و بڕوا بە سەركەوتنتان لەدەست نەدا و بە دڵ و بە جۆشەوە كارتان بۆ ڕێبازەكەتان كرد. ئێستا ڕێگەیەكی دوورودرێژتان لەبەردەمە و پێویستە بەیەكەوە هەنگاوی مەزنتر لەپێناو سەربڵندیی وڵاتەكەتان بنێن. با ئەم وتەیەی بارزانیی نەمر بكەینە سەرمەشقی كارەكانمان كە لەسەركەوتندا مەغروور نەبن و لە شكستیشدا نائومێد نەبن. پێویستە ئێوە هەمیشە لەناو جەماوەری كوردستاندا بن و خزمەتیان بكەن و گوێ لە ئێش و ئازار و داخوازییەكانیان بگرن و ڕێزیان لێ بگرن. بۆ ئەوەی بگەینە ئامانج و سەركەوتنی كوردستان، دەبێ كار لەسەر ئەوە بكرێت خاڵە بەهێز و لاوازەكان دەستنیشان بكرێت و هەوڵی چارەسەركردنی كەموكورتییەكان بدەن. دەبێ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراوە بن و ڕێزی هەموو لایەك بگرن.

خۆشبەختانە كوردستان كەوتووەتە سەر ڕێگەیەكی ڕاست و دیموكراسی لە وڵاتەكەمان ڕیشەدار بووە. خۆشترین سات و گەورەترین دەستكەوتمان ئەوەیە كە میللەت لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە خۆی چارەنووسی خۆی دەستنیشان بكات و پەرەپێدانی ئەم نەهجە ئەركی سەرەكیی سەرشانی ئێوەیە.

مسعود بارزانی

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

3ـی 10ـی 2013

هەواڵی پەیوەندیدار