جەماوەری پارتی لە سلێمانی لە زیادبووندایە

سلێمانی - KDP.info/ ڕۆژی21-9-2013 خەڵكی كوردستان بەسەرجەم چین و توێژەكان و لایەنە سیاسییەكان بە جیاوازی بیروڕای سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی بەرەو سندوقەكانی هەڵبژاردن دەچن و نوێنەری خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتووی پارلەمانی كوردستان هەڵدەبژین، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان سەرگەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنن بۆ ئەوەی بتوان سەرنج و متمانەی دەنگدەران بۆ لیستەكەی خۆیان بەدەستبهێنن و دەسەڵات بگرێتە دەست، ژمارەی دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ملیۆن و نیوێك زیاترە خاوەنی 40 كورسی پەرلەمانە، بۆیە حزبەكان گرنگی زۆری پێ دەدەن و هەوڵ ئەدەن زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین و ئەوەش وایكردووە بەشێوەیەكی گەرموگوڕ بانگەشەی هەڵبژاردنی تێدا بەرێوەدەچێت. پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی خاوەن مێژوویەكی 67 ساڵە و خاوەن ئەزموون لە بەرێوەبردن و ئاوەدانی و ئارامی و پێكەوە ژیان، وەك هەرلایەنێكی دیكە سەرگەرمی بانگەشە بۆ كارنامەی لیستەكەی و ناساندنی كاندیدەكانی بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە كاروانی ئاوەدانی و زیاتر بەرەو پێشبردنی كوردستان لە هەموو بوارەكانی ژیانی هاوڵاتیان.
كەشێكی ئارام و بێگەرد
لەكاتی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەلەمانی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارەكانی داوای لەلایەنە سیاسیەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمان كردووە كە ئامۆژگاری ئەندام و لایەنگرانیان بكەن و ڕێز لە ئەندام و هەوادارانی لایەنەكانی تر بگرن و بێڕێزی بەرامبەر یەكتری نەكەن، داواشی لە ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی كرد كە بەشێوەیەكی ئارام و ئاشتییانەو دوور لە گرژی و ئاڵۆزی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرێوەبچێت و ڕەچاوی ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئەوەی دیمەنێكی جوانی دیموكراسی پیشانی دونیا بدرێت و پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد دوور لەكاری توندوتیژی بەرێوەبچێت بۆ ئەوەی هیچ بیانویەك نەدرێتە كەسانێك بۆ ناشرینكردنی پرۆسەكەو بیانوو هێنانەوە بۆ قبوڵنەكردنی ئەنجامەكان، بۆیە داوای لە هەموو دەنگدەران كرد بەشێوەیەكی فراوان و كەرنەڤاڵی خۆشی سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن و بەشداری بكەن لە پرۆسەی دیموكراسی كوردستان.
كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ
پارتی دیموكراتی كوردستان كاردەكات بۆ ئەوەی متمانەی زۆرینەی هاوڵاتیان لە دەوری لیستەكەی خۆی كۆبكاتەوە، بۆیە لایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە شاری سلێمانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتی بانگەشەكانی شاری سلێمانی دەكەن، لە كۆبوونەوەی جەماوەری لەگەڵ كادیرانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێز مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەدا كە پارتی گرنگی تایبەت بە شاری سلێمانی دەدات بۆیە ڕووی لە ئامادەبوان كرد و وتی: ئێمە پێویستیمان بە تاك بە تاكی دەنگی هاوڵاتیانی كوردستان هەیە، پارتی بێت یان لایەنگری پارتی یاخود بەرنامەی پارتی پێ باش بێ، پێویستیمان بەدەنگی هەموو كەسێكە كە بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە پارتی بدات بۆ ئەوەی كاروانی ئاوەدانی و سەقامگیری كوردستان بەردەوام بێت، هیوادارین ئێوە لە هیچ كەسێك بێمنەت نەبن، هەوڵ بدەن زۆرترین كەس بۆ هەڵبژاردن كۆبكەنەوە.
شاری سلێمانی چەقی ململانێ
بڵند دلێر شاوەیس ئەندامی كارگێڕی لق و بەرپرسی مەكتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی چوار دەربارەی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا وەك هەرلایەنێكی سیاسی لە ڕۆژی دەست پێكردنی بانگشەی هەڵبژاردن بەپێ ڕێنمایەكانی كۆمیسۆنی هەڵبژاردن، بەشێوەیەكی ئارام دەستمان كردوە بە هەڵواسینی لافیتەو دروشم و وێنەی كاندیدەكان و كۆڕو كۆبوونەوە و سیمینار لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاكانی شاری سلێمانی و ئاهەنگی شەوانەی بەردەم لقی چوار بۆ ناساندنی كاندیدەكان لەگەڵ دابەشكردنی 500 خانوو بەسەر خانەوادەو كەسوكاری شەهیدان، هەروەها لیژنەیەك دروستكراوە بۆ بەسەركردنەوەی ماڵان بە دۆست و لایەنگران و هەوادارانی پارتی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، هەروەها بەرپرسی مەكتبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەدا شاری سلێمانی چەقی ململانێی بەهێزی بانگەشەی هەڵبژاردنە بە هۆی هەبوونی ئۆپۆزیسۆنێكی بەهێز و هەندێ جارێ گرژی دروست دەبێت، بەڵام ئێمە وەك پارتی بەبێ لایەنگری هیچ حزبێك كارەكانی خۆمان بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەڕێوە دەبەین.
دەنگ بە لیستی ژمارە 110 دەدەم
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێشخستن و گەشەی زیاتر بە بەرنامەیەكی گشتگیری هەمەلایەنە لە هەموو بوارەكانی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان بە لیستی ژمارە 110 و دروشمی بەرەو كوردستانێكی گەشتر دەچێتە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، لە چوارچێوەی بانگشەی هەڵبژاردن شەوانە لەبەردەم لقی چواری پارتی ئاهەنگی جەماوەری بەشێوەیەكی ئارام و شارستانی بۆ ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتی لەشاری سلێمانی سازدەكرێت بۆ ناساندنی كاندیدانی لیستی110 لەكاتی ئامادەبوونمان لە ئاهەنگەكەو قسەكردن لەگەڵ ئامادەبووان هۆكاری دەنگ دەنگدانیان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوەدا كە پارتی حزبێكی نەتەوەی و خاوەن مێژووی بەرخودان و ئاوەدانی و ئاواتی سەربەخۆییە، بۆیە ئامادەن چارەنووسی كوردستان بدەنە دەستی كەسێكی ئەمین و پارێزراو ئەویش دەنگدانە بە لیستی 110 پارتی دیموكراتی كوردستان.
ڕێژەی دەنگەكانمان بەرزبۆتەوە
شاری سلێمانی ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە شۆڕشەكانی كورد و بەتایبەتیش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی پێگەی تایبەتی خۆیەتی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و دووری پارتی لەشاری سلێمانی و كاركردنی چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن بە بەردەوامی بۆ ناشرینكردنی مێژووی پارتی، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی رێژەی دەنگەكانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەشاری سلێمانی گرینگی زیاتر بەشاری سلێمانی دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێ پێگەی جارانی خۆی بگەڕێنتەوە، بەپێ زانیارییەكان لە ئێستادا پارتی لەشاری سلێمانی رێژەی دەنگەكانی زیادی كردووە.
كوردستان براوەی یەكەم دەبێت
لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەكان بەو پەڕی ئازادی كاردەكەن بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگی دەنگدەران بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە دەسەڵات، بۆیە لایەنەكان هەموو شێوازێك دەگرنەبەر لەو پێناوەدا، بەڵام بەداخەوە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نەتوانراوە وەك پێویست ڕەچاوی ڕێنماییەكان كۆمیسیۆن باڵای هەڵبژاردن و لیژنەی ئەمینی پارێزگاكان بكرێت بۆیە تاكو ئێستا چەند كەسێك بوونە قوربانی و چەندین هاوڵاتی برینداربوون لەگەڵ زیانی مادی.
هاووڵاتی سەمیر عوسمان دانیشتووی شاری سلێمانی باس لەوە دەكات وێڕای ئامادەیی خۆی و خانەوادەكەی بۆ دەنگدان بە لیستی ژمارە 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەخوازێ جەماوەری سلێمانی بە گشتی رۆژە سەختەكانی خەبات و سەردەمی ئاوەدانی و دیموكراسییەت بە پێوەر وەربگرن و دەنگ بەو لیستە بدەن، سەمیر وتی: لای هەمووان روون و ئاشكرایە پارتی لە سەرچاوەیەكی شۆڕشگێڕییەوە هەڵقوڵاوەو حزبی شۆڕشگێڕیش هەردەم ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتری لێ چاوەڕوان دەكرێت، بۆیە دەخوازم بە دیدێكی سەردەمییانەو دوور لە دەمارگیری حزبی و بێلایەنانە هەوڵ و كۆششەكانی پارتی هەڵبسەنگێنرێت و رەچاوی ئەوە بكرێت كە ئەو هەموو ئاوەدانی و باشتربوونەی باری ئابووری دانیشتووانی كوردستان و پێشكەوتنە خێرایەی وڵات وەك خۆی سەیر بكرێت، كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی كاریگەر و ئەكتیڤی ناو ئەو دەسەڵاتەی هەرێمە كە توانیوییەتی ئەو هەموو دەستكەوتە بەدی بهێنێت.
شیرین مەحموود تەمەن 37 ساڵ و دانیشتووی شاری سلێمانی سەبارەت بە دەنگدان بە لیستی ژمارە 110ی پارتی دەڵێت: پارتی لە هەر شوێنێك بێت ئاوەدانی و پێشكەوتن لەوێیە، بۆیە دەنگدان بە لیستی ژمارە 110ی پارتی و سەرخستنی كانیدەكانی دەنگدانە بە ئاوەدانی زیاتر و بەرو پێشتربردنی وڵات، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ سەرخستنی ئەو لیستەو كاندیدەكانی تاوەكو ئاوەدانی و سەركەوتنی زیاتر بێتەدی و وڵات بەرەو ئایندەیەكی گەشتر و رووناكتر بڕوات.




