پهیامی لیژنهی باڵای ههڵمهتی ههلبژاردنهكانی پارتی دیموكراتی كوردستان

هاووڵاتیانی خۆشەویست، هەڤاڵان و كادیران و ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان
نزیكەی دوو هەفتەیە هەڵمەتی بانگەشەی سەرخستنی لیستی (110)ی پارتیمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێكردوە، هەروەكو چۆن جیاواز لە هەموو لایەك دەستمان پێكرد، بە پاڵپشتی ئێوەی خۆڕاگر بەردەوامی بەو بانگەشەیە دەدەین و جیاوازیشمان دەپارێزین. لەو ماوەیەدا هەموو لایەكتان بەڕێك و پێكی بەشدارن لەم پرۆسە گرنگەدا كە لە كات و ساتێكی زۆر هەستیاردا ئەنجامدەدرێت. بەناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پڕ بەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین، كە بەوپەڕی هەست بەبەرپرسیارێتی و ئاگایانە یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانتان رەچاوكردووە و بەشێوەیەكی سەردەمیانە پڕۆسەكەتان ئەنجامداوە، هەروەها زۆر بەباشی هاوكاری دام و دەزگاكانی ئەمنیتان كردووە كە كار و حزمەت و چالاكی ئەوانیش مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشی لێكردنن.
هەڤاڵانی و جەماوەر و لایەنگرانی پارتیمان، سەرفرازین بەو رەفتارە شایستە و سەردەمیانەی نیشانتانداوە لە كوردستان بەگشتی و لە سنوری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بەتایبەتی، لە هەمانكاتدا دڵگرانین بە كوژران و برینداربوونی چەند كەسێك لە هاوڵاتیانمان كە لەئەنجامی گرژی و پشێوی بانگەشەی چەند لایەنێك لە دەڤەرێكی نیشتمانەكەمان بوونە قوربانی و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆمان، هەرجۆرە رەفتارێك رەتدەكەینەوە كە ببێتە مایەی ئازار و نارەحەتی هاوڵاتیانمان. ئێستاش كە كەمتر لە هەفتەیەكمان ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و كۆتایی هاتنی پرۆسەكە، هەوڵبدەن لەم چەند رۆژەی كەماون، لە رۆژانی رابردوو هێمن و لەسەرەخۆتربن و رەفتار و گوتارتان لە ئاست گەورەیی و پیرۆزی رێبازی بارزانی و پارتی بێت، نمونەبن بۆ هەموو كوردستان، هەروەكو چۆن خەبات و تێكۆشانی پارتی نمونە و شایەنی دەرس لێوەرگرتنە. بانگەشەی خۆتان بكەن بۆ سەرخستن و بەهێزتر كردنی پارتەكەتان بەڵام بەجۆرێك كە نەبنە مایەی بیزاری هیچ كەسێك و نمونەیی و پێشەنگی خۆتان بپارێزن وەكو هەمیشە، سەربەرز و سەركەوتووبن. هەموومان پێكەوە بەرە و كوردستانێكی گەشتر.
لیژنەی باڵای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان
14/9/2013




