د. سیراج شێخ ئەحمەد خەیلانی كاندیدی ژمارە ٢٩ لە لیستی ١١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان

لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەكردن بۆ كاندیدانی لیستی ١١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان و ناساندنی زیاتریان بە خەڵكی كوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، هەوڵمانداوە یەكە بەیەكەی كاندیدەكانی لیستی ١١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەر بكەینەوە، بۆ ئەوەی پرۆژە و بەرنامەكانیان بگەیەنین بە هاووڵاتیان.
د. سیراج شێخ ئەحمەد خەیلانی لەساڵی 1974 لە هەولێری پایتەخت لە دایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی بە سەركەوتوویی تەواوكردووە، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە فیقهی ئیسلامی، هەروەها خاوەنی دوو بەرهەمی زانستییە بە ناوەكانی (حقوق المسنین فی الفقە الاسلامی دراسە المقارنە- المقرر فی شرخ المحرر دراسە و تحقیق و تعلیق) هەروەها پلە كارگێڕییەكانیشی بریتین لە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر لە 2005 وە تا ئێستا یاریدەدەری راگری پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان هەولێر بووە لە ساڵی 2008 تا 2010 پاشان دەبێتە سەرۆكی بەشی پەروەردە لە پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان، هەروەها خاوەن ئیمیتازی گۆڤاری تەمەن بووە لەساڵی2008 - 2011 ئەندامی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە، خەیلانی بەشداری لە چەندین خول كردووە لەوانە خولی نۆیەمی رێگاكانی وانەگوتنەوە، یەكەی فێركردنی بەردەوامی زانكۆی سەلاحەددین و خولی كارگێڕی كار و رێكخستنی كات، لەلایەنRTIی ئەمەریكی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر.
قوڵكردنەوەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم ئایین و ئاینزاكانی كوردستان، هەروەها د. سیراج شێخ ئەحمەد خەیلانی لەبارەی ئەو پرسیارەمان كە ئاخۆ چ پەیامێكی هەیە بۆ هاووڵاتیان و چ پرۆژەیەكی هەیە بۆ داهاتووو كە دەچێتە پەرلەمان؟ ناوبراو رایگەیاند: برەودان و خزمەتكردنی لایەنی ئایینی و پەرەپێدانی لە سەرجەم ئاستەكاندا وەك: پێشخستنی خوێندنی ئایینی و باشتركردنی بژێوی ژیانی مامۆستایانی ئایینی و دابینكردنی پێداویستیەكانی تەكیەو مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكان بەشێوەیەكی گشتی، چەسپاندنی زیاتری پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ لەسەرجەم بوارەكانی ژیان، وەك: بایەخدان بە مافەكانی ئافرەت و منداڵان و لاو و بەساڵاچوو و كەمئەندامان، هەروەها رەخساندنی هەلی كاری شایستە بۆ لاوەكانمان بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە توانا مەعریفی و جەستەییەكانیان، هەروەها لەبەرنامە و پرۆژەكانی دا بۆ داهاتووی پەرلەمان د. سیراج شێخ ئەحمەد خەیلانی كاندیدی ژمارە ٢٩ی لستی ١١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: بایەخدان بۆ زیاتر بوژاندنەوەو ئاوەدانكردنەوەی گوند و دێهاتەكانی كوردستان، چونكە لانەی شۆرش بوونە لەهەموو كات و ساتێكدا.
بایەخدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەوڵدان بۆ زیاتر بەرجەستەكردنی مافە رەواكانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش كە زامنی پاراستنی دەستكەوتەكانمانن.
چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەرجەستەكردنی دادی كۆمەڵایەتی لەسەرجەم كایەكاندا، پێشخستنی كەرتی تەندروستی بەكردنەوەی زیاتری نەخۆشخانە لەسەرجەم شار و شارۆچكە و گوندەكان، كاراكردنی سیستمی كۆنترۆڵی جۆری لەسەر هێنانی داو و دەرمان، وە دانانی سیستمی بیمەی تەندروستی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان.
باشتركردنی كەرتی پەروەردە و فێركردن و خوێندنی باڵا بە دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن و كردنەوەی باڵاخانەی شایستەو پێشخستنی سیستمی خوێندنی گونجاو و برەودان بە توانای زانستی مامۆستایان، وە سوود وەرگرتن لە توێژینەوە و توانا زانستیەكانییان بۆ پێشخستنی سەرجەم بوارەكانی ژیان لە كوردستان. دواجار د. سیراج خەیلانی گوتی:
پشتیوان بەخوا ئەمانە و چەندین بیرۆكەی دیكە لە بەرنامەی كارمدا دەبێت، بۆ خزمەتكردنی كوردستانیان كە شایستەی خزمەتی زیاترن لە رێی پرۆژە یاسا لە خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.




