راگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتی
بەسەرپەرشتی بەرێز سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی پارتیمان لە رۆژی دووشەممە رێكەوتی 2/9/2013 كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەنجامدراو بەگوێرەی ئەجێندای ئامادەكراو لەلایەن م. س بابەت و تەوەرەكان گفتوگۆیان لەسەر كرا.
تەوەری یەكەم:سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و رەنگدانەوەی گۆرانكاری و كێشەكانی وڵاتانی دەوروبەری عێراق شرۆڤە كراو بەگرنگی یەوە چاودێری و بەدواداچوونی هەموو جموجۆڵەكان دەكرێت بەتایبەتی ئەو بابەت و گۆرانكاریانەی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ پەیوەندییان بە كوردستان و عێراقەوە هەیە.
تەوەری دووەم:سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەگرنگ زانینی ئەم پرۆسەیە بۆ زیاتر بە دیموكراتیزەكردنی بوارە جیا جیاكانی ژیانی كۆمەڵگای كوردستان وەكو هەنگاوێكی گرنگ بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموكراسی و پراكتیزەكردنی باوەر و قەناعەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەبوونی بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیای جیاوازو فرەیی سیاسی و سەرخستنی پرۆسەكە بە شەفافی و پاك و خاوێن و رەچاەكردنی تەواوی یاساو رێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و لە ئاكامیشدا رێز لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەگرێت بۆ ئەوەی خوولێكی نوێ ی پەرلەمان دەست بەكاربێت وحكومەتێكی نوێ ی كوردستان دابمەزرێت بۆ بەردەوامی دان لە خزمەتكردنی گەلی كوردستان.
كۆبوونەوە هەر لە روانگەی بە خەمەوە بوونی بۆ خەڵكی كوردستان ئەم خاڵانەی بە پێویست زانی:
1-ئارام راگرتنی شەقامی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی دانیشتوانی كوردستان و پاك وخاوێن راگرتنی شارو ژینگەی كوردستان.
2- هاندانی هەموو خەڵكی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردن بە رێژەیەكی هەرە زۆری ئەو خوشك وبرایانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە.
3- پاڵپشتی و زەمینەخۆشكردن بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی پاك و خاوێن و بەگوێرەی یاساو رێنماییەكان.
4- داوا لە تەواوی كادیرو ئەندام و لایەنگرو جەماوەری پارتی دەكەین لە سەدا سەد رێنماییەكان سەبارەت بە ریكلام كردن لە روی كات و شوێن رەچاو بكەن و ئیلتزام بەو رێنماییانە بكەن كە لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەرچووەو دەردەچێت.
5- كۆبوونەوە داوای لە تەواوی كادیرو ئەندام و لایەنگرو جەماوەر كرد كە هەموو تواناو ئیمكانیات بەگەڕ بخرێت بۆ دەنگدان بە لیستی 110 ی پارتیمان كە لۆگۆكەی ئاڵای پارتیمانەو سلۆگان یا دروشمەكەشی (پێكەوە بەرەو كوردستانێكی گەشتر)ە وە پارتیمان هەمیشە گەشبینە بە پاڵپشتی خەڵكی كوردستان و متمانەبەخشینی جەماوەری كوردستانە پێ ی.
بژی كورد
بژی كوردستان




