لە كەمپی باسرمە دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە خواردن بەسەر 4 هەزار كەسدا دابەش دەكات
پاش ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی نالەباری بارودۆخی شارەكانیان و هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەكان، ماڵ و حاڵیان جێدەهێڵن و روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرەتای كۆچی ئەم خێزانە پەنابەرانەوە لەرێگای تیم و بنكەكانیانەوە لەكامپەكانی بەحركەو كەورگۆسك و باسرمە و قوشتەپە، رۆژانە هاوكاری و پێداویستی رۆژانەو فێنككەرەوەو دەیان جۆری دیكەی پێویستیان بەسەردا دابەش دەكات.
لە ئێستادا بەشێكی زۆری ئەو خێزانە پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە لە كامپی باسرمەی سەر بە شارۆچكەی شەقڵاوە كە ژمارەیان زیاتر لە 4000 چوار هەزار دەبن لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە بەپێی بەرنامەیەكی تۆكمەو رێكوپێك و دانانی بنكەیەكی تایبەت بۆ راپەڕاندنی ئیش و كارەكان، هاوكاری و پێداویستیی رۆژانە بەسەر خێزانەكان دابەش دەكات، لەگەڵ ئەمەشدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە خواردنی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارانی لە ئەستۆگرتووەو بەشێوەیەكی رێكوپێك بەسەر خێزانە پەنابەرەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دابەش دەكات.




