٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك بارزانى به‌ بۆنه‌ى 67 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى (پ.د.ك) له‌ شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگێك سازكرا

سەرچاوە: KDP.info

به‌ بۆنه‌ى 67 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان ، ئه‌مشه‌و له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونى به‌رێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى جیگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و ژماره‌یه‌كى زۆرى سه‌ركرده‌ و نوێنه‌رانى پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كانى هه‌چوار پارچه‌ى كوردسان و نووێنه‌ر و كۆنسوڵى ولاتانى بیانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و جه‌ماوه‌رێكى به‌رچاو؛ ئاهه‌نگێك به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ به‌رێوه‌چوو .

سه‌ره‌تاى ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ خوله‌كێك وه‌ستان بۆ گیانى شه‌هیدانى كوردستان به‌رێوه‌چوو و دواتر سرودى نیشتمانى خوێنرایه‌وه‌. پاشان له‌ لایه‌ن فازڵ میرانى سكرتێرى پارتى دیموكراتى كوردستان، گووتارى پارتى به‌بۆنه‌ى شه‌ست و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى خوێنرایه‌وه‌.

 له‌ سه‌ره‌تاى گووته‌یه‌كدا میرانى به‌خێرهاتنى ته‌واوى لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى ئاهه‌نگى شه‌ست و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى دیموكراتى كوردستانى كرد و هه‌روه‌ها پیرۆزبایى له‌ سه‌رۆك و ته‌واوى لقه‌كان و هه‌ڤاڵانى پارتى و كه‌س و كارى شه‌هیدان كرد و رایگه‌یاند: پارتى دیموكراتى كوردستان جه‌خت له‌ سه‌ر خزمه‌ت كردنى خه‌ڵك له‌ رێگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

گوتیشى" پارتى قوتابخانه‌ى پێكه‌وه‌ ژیانه‌، كه‌ وه‌ك بارزانى نه‌مر به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان داڕشتووه‌.

هاوكات سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى راشیگه‌یاند" شه‌ست و حه‌وت ساڵ له‌مه‌و به‌ر گۆڕانكارى زۆر له‌ سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و ئیقلیمى و له‌ سه‌ر ئاستى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان ڕوویانداوه‌ و روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ بارزانى نه‌مر به‌شداریه‌كى گه‌وره‌ى له‌ كۆمارى مه‌هاباد و هه‌روه‌ها له‌ چوون و گه‌رانه‌وه‌ى بۆ یه‌كێتى سۆڤێتدا كردووه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى گووتاره‌یه‌كه‌دا كه‌ به‌ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ شه‌ست و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پێشكه‌شى كرد: فازڵ میرانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پارتى له‌ هه‌ندێ كاتى مێژووى دا به‌ ته‌نیا سه‌ركرده‌ بووه‌ و ئێستاش له‌ پێناوى پێكه‌وه‌ژیانى ته‌واوى ئاین و ئاینزاكان و نه‌ته‌وه‌كان كارده‌كات و پارتى له‌ پێناو پێكه‌وه‌ ژیان كارى كردووه‌، پێكه‌وه‌ ژیانێك كه‌ مسته‌فا بارزانى بناغه‌كه‌ى داڕشتووه‌.

هه‌ر له‌ گووته‌كه‌یدا میرانى رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ یه‌كڕیزى ناوخۆى خۆمان بپارێزین و ده‌ستى هاوكارى بۆ یه‌كتر درێژ بكه‌ین و یه‌كتر قه‌بووڵ بكه‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ش زامنى پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانه‌.

هه‌ر له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى شازده‌ى ئاب، ساڵرۆژى دامه‌زراندنى پارتیمان، پارتى دیموكراتى كوردستان پێشكه‌شى كرد، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى رایگه‌یاند: كه‌ سه‌رۆك بارزانى هه‌وڵ و كۆششى زۆرى كردووه‌ له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ رێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌ و سه‌رۆك بارزانى رۆڵى گه‌وره‌ى له‌ عێراق بینیوه‌ و هه‌روه‌ها گووتیشى پارتى، له‌و ره‌وشه‌ى ئێستاى عێراق نیگه‌رانه‌ ، كه‌و رۆژانه‌ له‌ ناوه‌راست و باشوور، كردوه‌وه‌ تیرۆریستى ئه‌نجام ده‌درێن.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى دیموكراسیه‌ت و هه‌ڵبژاردنیش میرانى رایگه‌یاند، كه‌ ته‌نها هه‌ڵبژاردن ماناى دیموكراسیبون ناگه‌ینێتـ به‌ڵكو ئێمه‌ ده‌بێت هه‌وڵ بۆ به‌ دیموكراتیزه‌كردنى كۆمه‌ڵگه‌ بده‌ین، كه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆى پاراستنى مافى تاك و كۆمه‌ڵیش ده‌پارێزێت.

له‌ به‌شى كۆتایى گووته‌كه‌یدا میرانى ئاماژه‌ى به‌ هه‌ندێ سه‌ركرده‌ى كۆچكردووى پارتى كرد، نمونه‌ى حه‌بیب محه‌مه‌د و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى و نادر هه‌ورامى و هاوكات هیواى زوو چاكبونه‌وه‌شى بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فیدڕاڵ خواست و ته‌ئكیدیشى له‌ پاراستنى رێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى كرده‌وه‌ و له‌و رووه‌شه‌وه‌ میرانى رایگه‌یاند كه‌ رێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى داخراو نیه‌ و كراوه‌یه‌. دواتریش له‌ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، كێكى شه‌ست و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان بڕدرا.

كۆتایى ئاهه‌نگه‌كه‌ش به‌ گووتنه‌وه‌ى چه‌ندین گۆرانى له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌نده‌وه‌ و هه‌روه‌ها شایى هه‌ڵپه‌ڕكێ ئاهه‌نگه‌كه‌ زیاتر رازێنرایه‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار