حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی و سەرنووسەری رۆژنامەی برایەتی كۆچی دوایی كرد

دوێنێ لە وڵاتی لوبنان بە نەخۆشی هەڤاڵ حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری رۆژنامەی برایەتی لە تەمەنی 82 ساڵی كۆچی دوایی كرد. لە ماوەی كاركردنیدا لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا( 1952) دا چەندین پلەو پۆستی حزبی بینیووە، كە دواترینیان بەرپرسی دەستەی چاودێری و پشكنین بوو. بەم بۆنە دڵتەزێنەوه سەرەخۆشی لە خۆمان و پارتیمان و خانەوادەی خوالێخۆشبوو دەكەین و لە خوای گەورە داواكارین بەر رەحمەت و دڵۆڤانی خۆی بخات و بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و دڵنەوایی و ئۆقرەیش بە هەموو لایەك ببەخشێ.
هەڤاڵ حەبیب محەمەد كەریم لە 16/12/1931 لە شارەدێی زرباتیەی سەر بە پارێزگای واسیت هاتۆتە دنیا و ساڵی 1939 هاتۆتە بەغدا و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و زانكۆ لە بەغدا تەواو دەكات. ساڵی 1952 لە كۆلێژی ماف وەردەگیرێ، بەڵام بە هۆی چالاكی سیاسی لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆلێژ دەردەكرێ تا دواتر لە 1959 بڕوانامە وەردەگرێ.
ساڵی 1954 دەبێتە بەرپرسی رێكخستنەكانی پارتی لە بەغدا و ساڵی 1956 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ و ساڵی 1964 بە سكرتێری گشتی پارتی هەڵدەبژێردرێ و تا 1975 لەو پۆستە دەمێنێتەوە. پاشان بۆ ماوەیەك لە كاری سیاسی دوور دەكەوێتەوە و ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە ریزەكانی پارتی و دەبێتە بەرپرسی راگەیاندن و سەرنووسەری برایەتی پاشان دەبێتە بەرپرسی دەستەی چاودێری و پشكنین.




