دەزگای خێرخوازی بارزانی شیرو كەلوپەلی منداڵ بەسەر ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لە كۆیە دابەش دەكات

لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ زیاتر بە هاناوەچوونی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەسەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، پاش چەندین جار لە دابەشكردنی كۆمەك و هاوكارییەكانی بەسەر ئاوارەكانی كامپی ئازادی لە شارۆچكەی كۆیە، ئەمڕۆ پێداویستی بەسەر 225 منداڵی ساوادا دابەشكرد.
ئەمڕۆ 9/7/2013 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەرێگەی تیمەكانییەوە هەڵدەستێ بە دابەشكردنی شیر و كەلوپەلی منداڵان بەسەر ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لە شارۆچكەی كۆیە كە زیاتر لە 225 منداڵ سوودمەند دەبن.
لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: بەپێویستمان زانی جگە لە بەردەوامی كۆمەك كردن و بەهاناوەچوونی زیاتری ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ هاوكارییەكی دیكە پێشكەش بە منداڵانی كەمپی ئازادی لەشارۆچكەی كۆیە بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین كەلێنێك و پێداویستییەكی رۆژانەی منداڵانی ئەو كامپە دابین بكەین. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، جگە لەم هەڵمەتە بەشێوەیەكی گشتی بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.




