٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی گشتی

راگەینراوی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ئەمرۆ 8/7/2013 بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا كە چەندین تەوەرو بابەتی گرنگ گەنگەشەی لەسەر كراو بریاری پێویستیان پێ وەرگیرا.

تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە، ئاكامی سەردانەكانی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بوو بۆ روسیاو فەرەنساو كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی سەبارەت بە پەیوەندی نیوان هەرێمی كوردستان و ئەو دوو وڵاتە لە رووی ئابووری و سیاسی و هاوكاری، بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی هەردوولا.

تەوەری دووەمی كۆبوونەوە، سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری كە پێك هاتبوو لە زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ بەغدا سەبارەت بە چارەسەری كێشەو گرفتەكانی نیوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی و كۆی كێشەو ناكۆكیەكانی عێراق بەگشتی و چالاك كردنی ئەو لیژنانەی لە كۆبوونەوەكانی پێشوو بریاریان لێ درابوو بۆ ئەوەی لە بەرواری 18/7/2013 دەست بەكار ببن و بەردەوام بن تا دەگەنە ئاكامی پێویست.

كۆبوونەوە ئەم سەردان و كۆبوونەوانەی جەنابی سەرۆك و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی بەگرنگ زانی.

لە تەوەری سێیەم دا، كۆبوونەوە تەئیدی ناوەرۆكی كۆنووسی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتیمان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد كە لە بەرواری 29/6/2013 ئەنجام درابوو، وخاڵ و بڕگەكانی بە پێویستی ئەم قۆناغە زانی.

تەوەری چوارەمی كۆبوونەوە، پاراستنی رێككەوتنی ستراتیجی نیوان پارتیمان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پێداچوونەوەی بە ئاقاری توندوتۆڵ كردنی بەشێوازێك كە لەگەڵ پێداویستیەكانی یرۆسەی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە گونجاو بێت.

لە دوا تەوەردا، كۆبوونەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان و ئەو رووداوە خێراو زۆرانەی عێراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەرێ، داوای لە بەرێز سەرۆك بارزانی كرد ئیمزا لەسەر ئەو یاسایانە بكات كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە 30/6/2013 دەرچوون سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

ئەم كۆبوونەوە باسی لە ئامادەسازیەكانی پارتیمانی كرد بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كە بڕیارە لە 21/9/2013 ئەنجام بدرێ.

 

            ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار