فازڵ میرانی و شاندی ئوردن جەختیان لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئوردنی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کردەوە.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فاضل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندێکی شانشینی ئوردن بە سەرۆکایەتی: (د. ئەحممد ئەلخلایلە) جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردنی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هوشیار زێباری و مەحموود محەمەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕی "م.س" و، زەعیم عەلی و عەلی حسێن و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی "م.س" و، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی فیدرال ئامادەی بوون، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، وێڕای زۆر بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان، پەیوەندی دووقۆڵی لە نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستانی بە ئاستێکی هەرە بەرز لە قەڵەم دا.
فازڵ میرانی لەم کۆبوونەوەیەدا پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێشکەشی شاندی میوان کرد، تازە پێشهاتەکان و گرفتەکانی لە عێراقدا خستەڕوو.
لە بارەی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سوپاسی گەل و حکوومەتی ئوردنی کرد بۆ هەموو هاوکارییەکی پێشکەشی گەلانی عێراقی کردووە لە بارودۆخە ناخۆشەکاندا، بە تایبەتی ڕۆڵ و هەڵوێستی تایبەتی شای ئوردن شا عەبدوڵڵا بن حسێنی بە بەرزی لە قەڵەم دا.
هەروەها میرانی دووپاتی کردەوە: سیستەمی فیدرالی بێگانە نییە لەسەر گەلانی عێراق بە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرەکانەوە، بەڵام لە بیری دەکەن.
هەروەها جێبەجێ نەکردنی دەستوور و پێشێلکردنی بووە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
فازڵ میرانی دووپاتی کرد: پەیوەندی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و لەگەڵ عێراقی فیدراڵ بەگشتی، پەیوەندیێکی مێژووییە و میراتێکە بۆمان ماوەو بە حیکمەتی شا عەبدوڵڵا بن حسێن و حیکمەتی جەنابی مەسعود بارزانی پەرەپێدانی زیاتری بەخۆوە بینیوە.
فازڵ میرانی هیوای خواست کە کاتێکی خۆش لە کوردستان ببەنە سەر و سەردانەکانیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتی سیاسی پارتی گەیاندە گەل و حکوومەت و شای ئوردن.
(د.ئەحمەد ئەلخلایلە) جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردنیش، زۆر سوپاسی سەرکردایەتی سیاسی پارتی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی لێان کردوون، دووپاتی کردەوە خۆیان زۆر بە بەختەوەر دەبینن بەرامبەر ئەم قوتابخانە فکرییە سەرکەوتووەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە گەلی ئوردن و شای ئوردن، ڕێزی تایبەتییان بۆ گەل و هەرێمی کوردستان هەیە، شای ئوردن شا عەبدوڵڵا کوڕی حسێن، گرنگییەکی تایبەت بەو پەیوەندییە سەرکەوتووانەی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان دەدات و ئەمەش سەردانی ڕەسمی سێیەممانە بۆ عێراق.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان جێگایەکی تایبەتی لای گەلانی عەرەب و موسڵمانەکان هەیە و دەوڵەتی هاشمی ئوردنی پاراستنی میراتی دەوڵەتی هاشمی لە کوردستان بەرز دەنرخێنێت.
هەروەها د. ئەحمەد خلایلە، جەختی لەوەکردەوە: دەوڵەتی ئوردن چاوەڕوانی ئەوە دەکات پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەو پێشتر بڕوات لە هەموو بوارەکاندا، ئامادەن بۆ هاوکاری دوولایەنە بۆ خزمەتکردنی گەلانی عێراقی فیدراڵ بە گشتی و گەلی کوردستان بە تایبەتی.
هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازی کردنیان لە لێقەوماوانی سوریا و خوارووی عێراق کە کوردستانیان هەڵبژارد وەک پەناگەیەکی ئارام.
گوتیشی: "زۆر خۆشحاڵین کە ئەم پێشکەوتنە لە هەرێمی کوردستان دەبینین، سەرەڕای قەیرانە دروستکراوەکان، هەرێمی کوردستان جێگایەکی زۆر باشە بۆ وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران". لەکۆتاییشدا هیوای خواست کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت.

__2023_08_03_h18m17s45__HK.jpg)




