فازڵ میرانی پێشوازی لە سکرتێری حزبی بێت نەهرێن کرد

ئەمڕۆ پێنج شەممە، رێککەوتی، 22ی6ی2023، فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى كارگێڕى مەكتەبى سیاسى، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، پێشوازى لە رۆمیو هەكارى سكرتیرى حزبى بێت نەهرێنى دیموكراتى و شاندی یاوهری كرد.
لە دیدارەكەدا كە هۆشیار زێبارى و سیداد بارزانى و مەحمود محەمەد ئەندامانى دەستەى كارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، فازڵ میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، خۆشحاڵی خۆى بۆ دیدارەکە دەربڕی، هاوکات باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانى نێوان هەردوولا و چۆنیەتى پتەوترکردنى پەیوەندییەکانیان کرد و، تیشكی خستەسەر پێکەوەژیانى ئاشتیانە لە هەرێمى كوردستان، کە لە سەر بنەماى ڕێز لە یەكتر گرتن و پاراستنى ماف و تایبەتمەندییەكانى هەر لایەك.
فازڵ میرانى جەختى لە سەر پاڵپشتى و ویستی پارتى كردەوە، كە گرینگترین پێویستى ئێستا، رێكخستنى ناو ماڵی كوردە، بۆ ئەوەش پێکەوە كاركردن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانى كوردستان بە گیانێكى برایانە و تەبایى فاكتەرى سەرەكى پاراستنى هەرێمى كوردستانە، كە پێگەى كورد لە ناوخۆ و دەرەوەش دەپارێزێت.
ئەو دوپاتیشی کردەوە، کە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ هێز و لایەنەكانى هەرێمى كوردستان بكەینە بنەماى كاركردن لە پێناو پاراستنى ئاشتى و پێكەوەژیانى نێوان سەرجەم پێكهاتەكان، تا بتوانین خزمەتگوزاریێكی شایستەتر و داهاتوویەكى سەقامگیرتر بۆ خەڵکى كوردستان دەستەبەر بكەین.
لاى خۆیەوە رۆمیو هەكارى سكرتێرى حزبى بێت نەهرێن، سوپاسى مەكتەبى سیاسى پارتى كرد بۆ ئەم پێشوازییە و، جەختی لە سەر زیاتر پتەوتركردنى پەیوەندییەكانی ههردوولا كردەوە، كە خزمەتی پێكەوەژیان لە هەرێمى كوردستان دەكات و، بە تایبەتی بهڕێز مەسعود بارزانی و پارتى دیموكراتى كوردستان، کە ههمیشه خوازیارى پێكەوەژیانی ئاشتیانهن و، هەردەم پاڵپشتى پێكهاتەكانن.
جێی باسە، دوا پێشهاتەكانى هەرێمى كوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتى و، پڕۆسەى هەڵبژاردنى كوردستان كە گرینگە ئەنجام بدرێت و، مافى پێكهاتەكانى كوردستان و چەند پرسێكى دیکەی جێی بایەخى هاوبەش بوون، تەوەرێكى دیکەی دیدارەكە بوون.




