٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازییان لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کرد، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، رێککەوتی 19ی6ی2023، فازڵ میرانی سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد حەکیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە کرد.
لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە مەحمود محەمەد و هۆشیار زێباری و سیداد بارزانی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون.

فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پێشوازی کردنیان و دوپاتی کردەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوانیان مێژووییە، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە زۆرجار ئەم پەیوەندییانە، هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندی خراپ لە نێوان هەردوولادا نەبووە.

فازڵ میرانی جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەدا بێت، "پێمان باشە ئەم کەش و هەوا سیاسییە ناڕێکەی لە هەرێم هەیە، کۆتایی پێ بێت و، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموومانە و بە هاوڕیزی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەگەر مێژوویەکی پڕ شانازی و باشمان هەبێت، دەبێت جوگرافیای هەبێت و، جوگرافی ئێمەش هەرێمی کوردستانی عێراقە و، پاراستنی ئەم جوگرافییە، ئەرکی هەموومانە و دەبێت هەنگاوەکانی خۆمان رێک بخەین، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لای خۆیەوە، محەمەد حەکیم دووپاتی کردەوە، کە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، وێڕای تایبەتمەندی هەردوولا، کار لەسەر هاوبەشەکان بکەن و پێیان باشە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لێکتێگەیشتنیان هەبێت.
هەروەها محەمەد حەکیم سەرۆکی شاندی کۆمەڵی دادگەری وتی: "بە باشی دەزانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات ئەنجام بدرێت و، هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی لای ئێمە هێڵی سوورە".
جەختیشی لە تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە، ئەوەشی بە هیوای هەموو کوردستانییان زانی، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، کە خوازیارن پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشتر بڕوات بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان.  

هەواڵی پەیوەندیدار