مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی له حزبی شیوعی عیراق دهكات

برووسکەی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (٨٩) یەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حزبی شیوعی عیراق
بەڕێز/ رائید فەهمی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبى شیوعى عێراقی
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی عێراق
بەبۆنەی(٨٩)یەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانتان دەکەین و، هیوادارین لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بن لە پێناو بەدیهاتنی گشت ماف و ئامانجە ڕەواکانی گەلانی عیراق.
حزبى شیوعى عێراق، وەک حزبێکی دێرین و خاوەن مێژوویەکی دیار و قوربانیدەر، لە ڕوانگەی پەیامی نیشتیمانپەروەری و ئازادیخوازیدا رۆڵێکی دیار و کاریگەری بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا هەبووە و داکۆکیکارێکی دڵسۆز بووە لە پرسە چارەنووسسازەکان و دەستبەرکردنی ماف و خواست و ویستی هاووڵاتییان بەگشتی.
ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو بۆنەیەدا جەخت لەسەر هاوپەیمانێتی لەمێژینە و پتەومان دەکەینەوە، کە بۆ سەردەمی بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان دەگەڕێتەوە بە ڕابەرایەتی (بارزانیی نەمر) بۆ لەمەودواش کاردەکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئەو هاوپەیمانەتییە لە پێناو عێراقێکی فیدراڵی و دامەزراوەیی، کە تیایدا ئامانجە هاوبەشەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان بێتەدی.
بەو بۆنەیەوە وێرای بەرز نرخاندنی خەباتی درێژخایەنی حزبەکەتان، ئاواتەخوازین ئەو دەرفەتە هەوێنی تەبایی سەرجەم پارت و هێز و لایەنە راستەقینە سیاسییەکان و کۆتایی دەردەسەری و مەینەتییەکانی گەلانی عیراق بێ.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٣١ـی٣ـی٢٠٢٣




