٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

بروسکەی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتی و هەڤاڵانی ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی کوردستان تیڤی..

بە بۆنەی(24)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان لە ئێوە و بینەرانی کەناڵە ئازیزەکەتان دەکەین و، هیوادارین هەر سەرکەوتووبن لە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری خۆتان و وەک هەمیشە بڵندگۆیەکی راستەقینەی بەرجەستەکردنی خواست و ویستی گەلەکەمان بن. 

کەناڵی ئاسمانی کوردستان، کە پێش(24)ساڵ بە بڕیار و رێنوێنی سەرۆک مەسعود بارزانی دامەرزرا، توانی هەر لە دەستپێکەوە و لەو تەمەنەی کارکردنیدا شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان و رۆڵەکانی گەلەکەمان هەنگاوی بوێرانە و کاریگەرانە بنێ بۆ وشیارکردنەوە و جۆشدانی جەماوەر بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و ڕووبەڕوبونەوەی ستەم و زۆرداریی.

بێگومان ئەمڕۆش جێدەستی کەناڵی ئاسمانی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا بەرچاوە وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش بۆ پلان و بەرنامەی ڕێکوپێکی ئێوە دەگەڕێتەوە، لە هەمانکاتدا بە خاوەن گەنجینەیەکی بێوێنەی مێژووی ئەرشیفکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان دادەنرێ، بۆیە کەناڵی ئاسمانی کوردستان مایەی شانازیی و دەستخۆشییە بۆ میدیای کوردیمان.

بەو بۆنەوە دووبارە پشتیوانی خۆمان بۆ ئێوە دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داهاتووتان زیاتر بە پلانی رێکوپێک بەرەو پێش بچن و خزمەت بە کولتوور و فەرهەنگی هەمەرەنگی کوردستانی بکەن.

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ـی١ـی٢٠٢٣

هەواڵی پەیوەندیدار