٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە سەرتانسەری جیهان دەکەین و، پیرۆزبایی تایبەتمان ئاراستەی خانەوادەی بەڕێز و  سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و جەماوەری دڵسۆزی گەلەکەمان دەکەین.

هەلومەرجی سیاسیی عیراق پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قۆناغەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگووتاریی سیاسیی حزب و هێزە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە، کە ئەجێندایەکی تێر و تەسەل لەخۆ بگرێ بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی کێشە و پرسە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان، بەجۆرێک کە لە خزمەتی دۆز و مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا بێت، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکان و چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووریی.

بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی (٢٠٢٣)ـی زایینییەوە جارێکی دیکە بەڵێن بۆ گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە وەک هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆڕاگر و سەربەرزەکەمان بین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان و برەودان بە فەرهەنگی نەتەوەییمان و ڕەوتی ئاشتەوایی و گیانی فرەڕەنگی و، پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسی و یاساییەکەی هەرێمی کوردستان.

هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی بنبڕکردنی کێشە و گرفت و ئاریشه و دەردەسەرییەکان بێت.. ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و، هەموو لایەک لە دەرد و بەڵا و ناخۆشی بەدوور بن.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٣١ـی١٢ـی٢٠٢٢
 

هەواڵی پەیوەندیدار