٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ھەر ئەفسەرێک خۆی لاواز نەکات خانەنشین دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق گوتی، وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاریداوە ھەر ئەفسەرێک خۆی لاواز نەکات و کێشی لەگەڵ باڵای رێک نەبێت خانەنشین دەکرێت، چونکە ئەمە یاسایە، بەڵام ئێستا دەست بەجێبەجێکردن دەکرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەپێی یاسا پێویستە ئەفسەر و سەربازەکان کێشیان بەجۆرێک بێت لەگەڵ باڵایان رێک بێت و ناکرێت کێشیان زۆر بێت، بەڵام لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ئەو یاسایە جێبەجێ نەدەکرا و ئێستا ژمارەیەکی زۆری سەرباز و ئەفسەر کێشیان زۆرە و ناکرێت کەسێک ئەفسەربێت و کێشی زۆربێت بەتایبەت ئەمە لە ھیچ وڵاتێک رێگە پێدراو نییە".

سەگڤان سندی گوتیشی: "ئێستا بڕیاردراوە ئەو یاسایە کارا بکرێتەوە و ھەر ئەفسەرێک وەکو ھەنگاوی یەکەم کێشی خۆی لاواز نەکات خانەنشین دەکرێت، چونکە بڕیاردراوە نابێت بەھیچ شێوەیەک ئەفسەرەکان کێشیان زۆر بێت، ئەمە بڕیارە و جێبەجێ دەکرێت".

ناوبراو گوتیشی: "لەداھاتوودا ئەم بڕیارە سەربازەکانیش دەگرێتەوە و ئێستاش ھەر ئەفسەرێک کێشی زۆر بێت تەنانەت پلە بەرزکردنەوەش نایەتەوە و ڕادەگیرێت، بۆیە ئەمە بۆتە مەرجێکی سەرەکی و جێبەجێ دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار