ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ KDP.info: پڕۆژەیاسای بودجە بەم زووانە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت

بەغدا-KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات و هیوادارن پەرلەمان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پەسەندی بکات.
دکتۆر مەزهەر محەمەد، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، ''چاوەڕێ دەکرێت ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکات و لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڕەوانەی پەرلەمانی بکات.
ناوبراو گوتیشی، ''پڕۆژەیاسای بودجە تەنیا بۆ دیاریکردنی خەرجیی ساڵانە نییە، بەڵکو ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە داراییە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردووشە.
مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سەرەکیی بودجە تەنیا خەرجی نییە، بەڵکو زیادبوونی پابەندییە داراییەکان توانای دەوڵەت بۆ خەرجکردن لە وەبەرهێنان و زیادکردنی داهات کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی داهاتی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.
هاوکات جەختی کردەوە، ''زیادکردنی داهاتی نانەوتی کلیلی چاکسازییە داراییەکانە، لەو بوارەشدا عێراق دەرفەتی فراوانی لەبەر دەستدایە، لەوانە پەرەپێدانی سیستەمی باج و زەریبە، چالاککردنی خاڵە سنوورییەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی پارە و گەشەپێدانی کەرتەکانی بەرهەمهێنان.
لە کۆتاییدا ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران گوتی، ''ئەرکی پەرلەمان تەنیا دەنگدان بەسەر بودجەدا نییە، بەڵکو پێویستە چاودێریی بەسەر شێوازی خەرجکردنیدا بکات و لە کاتی خۆیدا بودجەکە پەسەند بکات.
بڵند ئیبراهیم




