"پڕۆژەیاسای سەربازیی ناچاری پەسەندیش بکرێت جێبەجێ ناکرێت"

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، پڕۆژەیاسای سەربازی ناچاری مەرجی هێندە قورسی تێدایە حکوومەت توانای جێبەجێکردنی نییە و ئەگەر پەرلەمانیش پەسەندی بکات، جێبەجێ ناکرێت، بۆیە پڕۆژەکە زیاتر بۆ موزایەدەی سیاسییە.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو پڕۆژەیاسایەی سەربازیی ناچاری پەسەند ناکرێت و جێبەجێش ناکرێت، وەکوو خەیاڵێک وایە، چونکە زۆر زحمەتە بتوانرێت ئەو پڕۆژەیاسایە جێبەجێ بکرێت و زۆر قورسە، پڕۆژەیاساکەش نوێ نییە و هی پێش چەند ساڵێکە تازە هێناویانە بۆ پەرلەمان و بەنیازن پەسەندی بکەن، چونکە حکوومەتی عێراق ناتوانێت ئەوەی لە پڕۆژەکەدا هەیە جێبەجێی بکات لە ڕووی بودجە و سەربازی و لەدایکبوونەوە، بۆیە عێراق توانای نییە جێبەجێی بکات و نایشیکات.''
سەگڤان سندی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر لە پەرلەمانی عێراقیش پەسەند بکرێت حکوومەت ناتوانی جێبەجێی بکات، بۆیە ئەوەی دەکرێت زیاتر موزایەدەی سیاسییە، چونکە دوو ڕا لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە هەیە، بەشێکی لەگەڵیدان و بەشێکیش دژن، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەو پڕۆژەیاسایە سەر ناگرێت و جێبەجێش ناکرێت.''
گوتیشی: ''هەم ماوەکەی زۆرە کە 18 مانگە و هەم تەمەنی زۆریش دەگرێتەوە، ئەگەر وەکوو ئەوان باسی دەکەن ئەو هەموو خەڵکە بێت، شەقام چۆڵ دەبێت، بۆیە هەندێک کار هەیە سەر ناگرێت و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




