زەکەریا دادو: پڕۆژەی نوێی جیھانی بەڕێوەیە

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان وێبینارێکی بۆ زەکەریا دادو بەڕێوە برد و تێیدا ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەیەکی نوێ بە ناوی پڕۆژەی ئیبراھیم بەڕێوەیە."
لە سەرەتای قسەکانیدا زەکەریا دادو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پرۆژەی ئیبراھیمی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد و دوایی بەرەو جیھان دەڕوات، مەبەست لە ئاواکردنی دەوڵەتی ئیبراھیمی یەکگرتووە، کە دەبێتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئیبراھیمی و یەکگرتنی ئەم دەوڵەتە ئیبراھیمییە لە ھەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان ھەیە تا جەزیرەی عەرەبی و مەغربی عەرەبی و تورکیا و ئێران و ئیسرائیل لە (تەلئەبیب)، لەوێوە بەڕێوەبەریی ئەم فیدارڵییە بەڕێوە دەچێت، پرۆژەی ئیبراھیمی، یان ڕێڕەوی ئیبراھیمی لەوەوە دێت کە ئیبراھیم باپیری ھەموو پێغەمبەرەکانە لە دوای ئەو پێغەمبەرەکان ھاتوون و ئیبراھیم لە کوردستانی باکوور لە شاری (ئورفا) دەرکەوت و ڕێڕەوی ئیبراھیم (مەسار ئیبراھیم) پێنج ھەزار کیلومەترە بە ئێراندا دەڕوات تا دەگاتە مەککە، ئەوەیە (مەساری) ئیبراھیم کە باس دەکرێ، بۆ نموونە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا (تۆنی بلێر) باسی لێ کردووە و دەزگای (دیالۆگی ئیبراھیمی) دەروست کردووە، ھەروەھا دەزگای (شەعائری ئیببراھیمی) دروست کردووە بۆ دیالۆگ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک( ئۆباما) باسی لێ کردووە و گوتوویەتی ئایینێکی جیھانییە، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لێ کردووە و گوتوویەتی، زمینەیەکی ھاوبەشە بۆ سێ ئایین، ئیسلام و جوو و کریستیان.
دادو ڕوونی کردەوە: "ڕێککەوتنێک دروست بوو لە کاتی فەرمانڕەوایی ترامپدا ناوی لێ نرا (ڕێککەوتنی ئیبراھیمی)، ئەو رێککەوتنە لە نێوان (ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرین) بوو، پرۆژەی ئیبراھیمی کەواتە نەمانی سنووری نەتەوەیی، ڕێرەو، یان ڕێگای ئیبراھیم لە چوار بەش پێک دێت: ١-سیاسەت ٢- ئابووری ٣- بیروباوەڕی ئایینی ٤- دیرۆک یان مێژوو، ئەنجامی ئەم بزووتنەوەیە بریتییە لە دەسەڵاتداریەتیی جیھان و دڵی ئەم دەسەڵاتدارییە، یان ئەم پرۆژەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.
پرۆژەیەکی نوێ ھەیە بۆ جیھان ئەوەش ئاوەدانکردنەوەی جیھانی نوێ و بیرۆکەکەی ئایینی ئیبراھیمییە، چونکە دنیا بەرەو دەسەڵاتداریەتیی ناوەند دەڕوات، پێشان دوو جەمسەر ھەبوو سەرمایەداری و سۆسیالیستی، بەڵام ئیستا گۆڕانکاری دەکرێ- ئەم بیرۆکەیە لە زانکۆی (ھارڤارد) لە ئەمریکا دەرچوو و بە شیوەیەکی زانستی دەستی پێ کرد و (پاپا) لە ڤاتیکان و شەمعون پێرس پشتگیرییان لێ کردووە و ناویان ناوە (مشروع الاشرق الاوسط الکبیر). پرۆژە ئابوورییەکەی شا محەمەد بن سلمان پرۆژەیەکی تر بووە بە پێنج ملیار دۆلار، ئەمانە ھەموو لەسەر پرۆژەی ڕێگای ئیبراھیمییە، یەکێک لە دیاردەکانی ئەم پرۆژەیە سەردانی (پاپا) بووە کە ھات بۆ (عێراق) و چوو بۆ سەرادنی شاری (ئور) ئەوانەی کە ئێستا ئەم پرۆژەیە بەڕێوە دەبەن (پاپای) ڤاتیکان و شا (محەمەد بن سەلمان) و (زانکۆی ھارڤارد) و زۆر لە سەرکردەکانی جیھان.
میکانیزمی ئەم پرۆژەیە بریتییە لە وزە، چونکە ھیچ پرۆژەیەک سەر ناگرێ تا ئابووری بەھێزی لەگەڵ نەبێ، ئێمە وەکوو کورد پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەم پرۆژەیە ھەبێت، سیستەمی فیداڕاڵی میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیبراھیمییە، لە ئیمارات سێ بنکەی ئەم پرۆژەیە دروست بووە، یەکێکیان لە چەشنی مزگەوت بۆ ئیسلام و یەکێکان لە شێوەی کڵێسا بۆ مەسیحییەکان و یەکێک بە شێوەی کەنیسە بۆ جووەکان.
زەکەریا دادو دەڵێت: "لە ڕووی ئایینییەوە خاکی کوردستان پیرۆزترین خاکە، چونکە کەشتیی نووح لە کوردستان لەسەر چیای ئارارت (ئاگری) لە کوردستانی باکوور لەنگەری گرت و ژیانی مرۆڤایەتی دەستی پێ کرد.
قائید میرۆ




