٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شوان کەلاری: ئەگەر عێراق سیستەمی بەرگری جێگیر بکات پشتگیری دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- فەرماندەی ھێزی بەرگری ئاسمانی عێراق ئاشکرایکرد، وەزارەتی بەرگری سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیر دەکات پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێ، پشتگیری دەکەین و ھەنگاوێکە باشە.

فەریق سەعد مەعن، فەرماندەی ھێزی بەرگری ئاسمانی لە لێدوانێکی دا رایگەیاند: "پلانی وەزارەتی بەرگری عێراق ئەوەیە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ھەرێمی کوردستان جێگیر بکات بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان لە ھێرشی فڕۆکە و مووشەکی بالیستی، چونکە بەردەوام وڵاتانی ئێران و تورکیا پێشێلکاری بەرامبەر بە خاکی عێراق دەکەن و لە رێگەی  مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە".

لای خۆشیەوە شوان کەلاری، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دراوسێکانی عێراق ڕەوشی عێراق بەرچاو ناگرن و سەروەری عێراق بەردەوام پێشێل دەکرێت، ئەمەی عێراق دەخاتە بەردەم دوو ئەرک، یەکەم حکوومەتی عێراق بە فەرمیی ھەموو کارتەکانی بەکاربێنێ بۆ ئەوەی ھیچ وڵاتێک پێشێلکاری لە سەروەری عێراق نەکات، ئەرکی دووەم ئەرکی پەرلەمان و حکوومەتی عێراقە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو پێشێلکاریانە بە فەرمیی داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت رێگری بکەن لەو پێشێلکاریانەی ئێران و تورکیا".

ھاوکات فەریق سەعد مەعن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: "جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق ھەموو عێراق دەگرێتەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەو ھەنگاوەی وەزارەتی بەرگری".

شوان کەلاری دەشڵێت: "ئەگەر عێراق سیستەمی بەرگری جێگیر بکات بۆ ئاسمانی خۆی ئەوە ئێمە پشتگیری دەکەین و ھەنگاوێکی باشە، چونکە لە داھاتوودا دەبێتە ھۆکار بۆ کەمکردنەوەی ئەو پێشێلکاریانەی وڵاتانی دەوروبەر بەرامبەر سەروەری عێراق دەکەن و خاکی عێراق دەبەزێنن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار