سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی راگەیاند

ئەمەریکا-KDP.info- جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لە گوتارێکدا کوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی راگەیاند، لە گوتارەکەیدا بایدن گوتی: "رۆژی شەممەی رابردوو ئەیمەن زەواهیریمان لە ئەفغانستان کوشت".
سەرۆکی ئەمەریکا ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زانیاریمان لەسەر زەواهیری کۆکردەوە، هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی هێرشەکە ئامادەکاری تەواو کرابوو، گوتیشی: "دوای دڵنیابوون لە زانیارییەکان بڕیاری کوشتنی زەواهیریم دەرکرد".
لە بارەی شوێنی هێرشەکە سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشەکەیان لە کابولی پایتەختی ئهفغانستانهوه کردووە و گوتیشی: "رێگەنادەین ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەک بۆ تیرۆریستان و بەڵێنم بە خەڵکی ئەمەریکا داوە دژی تیرۆر بوەستمەوە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەفغانستان".
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئەیمەن زەواهیری تۆمەتبار کرد بە کوشتنی هەزاران هاووڵاتی ئەمەریکی و روونیشیكردهوه، "ئێستا کەسوکاری قوربانیانی ١١ی سێپتێمبەر دەتوانن لاپەرەیەکی نوێ هەڵدەنەوە".
سەرۆکی ئەمەریکا بوونی ئەیمەن زەواهیری لە ئەفغانستان بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ تاڵیبان ناوبرد و راشیگەیاند، ئەمەریکا بەردەوام لە هەموو شوێنێک چاودێری هەڕەشەکانی قاعیدە دەکات.
ڕامان وریا




