٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێک: گەڕانەوەی داعشە عێراقییەکان مەترسیی پەیدا کردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- کاروانێکی دیکەی داعشە عێراقییەکان ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرانەوە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، گەڕانەوەی داعشەکان لە سووریاوە بۆ عێراق مەترسییە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنی و پێشتریش ھۆشداریمان داوەتەوە عێراق.

ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە)، ٢٠٦ گەنجی عێراقییان کە چەکداری گرووپی تیرۆریستیی داعشن، ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردەوە لە پارێزگای مووسڵ و پێشتریش ژمارەیەک عێراقیی ناو داعش لە کەمپی ھۆلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی عێراق کراونەتەوە.

شێروان جەمال، پەرلەمانتاری عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی ئەو کەسانەی پێشتر داعش بوونە بۆ عێراق مەترسیی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق بەگشتی دەبێت، چونکە پێویستە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا بن و پاشماوەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە ئەو پارێزگایانەی پێشتر لێوەی ھاتوون، نەک ھەموویا لە مووسڵ کۆ بکرێنەوە.''

پەرلەمانتارەکەی عێراق دەشڵێت: "بەشێکی ئەو خێزانانەی کەسوکاری داعشن ھێشتا پەیوەندییان لەگەڵ داعش ماوە و چەندین جاریش لە کەمپی ھۆل ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە.''

شێروان جەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "مەترسیی ئەو کەسوکارانەی داعش لەوەدایە بە ھزری داعش پەروەردە کراون و ئەو گەنجانەی لەنێو داعشن و تازە پێدەگەن، ناکرێت تێکەڵی کۆمەڵگەی عێراقی ببنەوە، چونکە مەترسی ھەیە دیسان ئەوانیش بەو فکرە توندڕەوە کاری تیرۆریستی بکەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار