شیروان جەمال: داعش مەترسیی جددیی ھەیە لەسەر عێراق

بەغدا-KDPinfo- پەرلەمانتارێکی پارێزگای نەینەوا سەرھەڵدانەوەی داعش و زیادبوونی جووڵەی ئەو گرووپە بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت، داعش سوودمەند بووە لە تێکچوونی ڕەوشی عێراق و، پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی لە بەرژەوەندیی تیرۆریستانی داعشە.
شیروان جەمال، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی تێکچوونی ڕەوشی عێراق و پەکخستنی پرۆسەی سیاسییەوە داعش سوودمەند بووە لە ڕەوشی ئێستای عێراق، چونکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی مووسڵ و سەڵاحەدین و دیالە زیادتر بووە لە ماوەکانی پێشتر، ھەتا لەڕووی ڕێکخستنەوە قەبارەی داعش گەورەتر بووە لە جاران و ئەمەیش مەترسیی جددیی پەیدا کردووە لەسەر ڕەوشی عێراق، بەداخەوە ھەواڵگریی عێراق لاوازە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و کۆکردنەوەی زانیاری.''
شیروان جەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "داعش لە سووریاوە چەکدارەکانی دەگوازێتەوە بۆ نێو مووسڵ و دابەشیان دەکات بۆ سەر ناوچەکانی عێراق، پێویستە ھەماھەنگیی ھەواڵگری ھەبێت لە نێوان عێراق و سووریادا، ھەروەھا گەڕانەوەی کەسوکاری داعش لە سووریاوە ڕۆڵی خراپی ھەیە، چونکە حەفتەی ڕابردووش ژمارەیەک خێزانی داعش لە سووریاوە گەڕاونەتەوە و ڕادەستی عێراق کراون.''
قائید میرۆ




