١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەسەرپەرشتی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی، هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە4/3/2013 كۆبوونەوەو لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆ كراو بڕیاری پێویست وەرگیرا.

1-سەدرانی رێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و  شاندی یاوەری بۆ كۆماری روسیای فیدرالأ و كۆبوونەوەو دیدارەكانی لەگەڵ سەرۆكی كۆماری رووسیا ڤلادیمیر پوتین و وەزیری دەرەوەو كاربەدەستانی سیاسی و ئیداری ئەو وڵاتەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی كۆماری روسیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پتر پتەوكردنیان تاتوێ كراو ئەم پەیوەندییە بەشێوەیەك كە لەقازانجی هەردوولا بێت و هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەت و پرسە هاوبەشانەی كە بۆ هەردوولا گرنگن لەرووی سیاسی و هەرێمایەتی كراوە، هەروەها دیدارو چاوپێكەوتنەكانی بەڕێزیان لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت و گاز، وەكو گازپرۆم كە گرێبەستیان لەچەند كێلگەیەكی هەرێمی كوردستاندا هەیەو بۆ پەرەپێدانی ئاستی بەرهەمهێنانیان لەكوردستان.

2-پەیوەندی  و  كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق، كە ماوەیەكە ئاستەنگ لەنێوان هەردوولا دروستبووەو كۆمەڵێك كێشە كە گرنگن بۆ باشتر رێكخستنەوەی عێراق لەڕووی سیاسی و ئیداری و ئابوری و یاساییەوە بێ چارەسەر ماونەتەوە، كە چارەسەرییەكەی لەئەستۆی حكومەتی فیدرالأ-دایە، وەكو پێویست جێبەجێنەكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق و دروستكردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو كێشەی تایبەت بەبودجەی پێشمەرگەو یاسای نەوت و غاز.

هەروەها باسی بارودۆخی ئەو پارێزگایانە كرا كە ماوەی (3) مانگە خۆپیشاندان دەكەن، بۆ ئەم بابەتەش هەروەكو لەرابردوو رامانگەیاندووە، پاڵپشتی داوا رەواو دەستورییەكانیان دەكەین، جێی خۆیەتی ئەو داواكاریانە جێبەجێ بكرێن و چیتر ئەم قەیرانانە بێ چارەسەری نەمێننەوە، لەگەڵ رەچاوكردنی مەترسی قوڵكردنی گیانی تایفی و نەتەوەیی و لێكەوتنەوەی ئەگەری مەترسیدارتر لەكاتی چارەسەرنەكردنی كێشەكاندا. لەم بارەیەشەوە كۆبوونەوەو دیدارەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراقی بەشدار لەپرۆسەی سیاسی وەكو كارێكی باش و ئەرێنی پاڵپشتی دەكرێت و قەیرانە یەك لەدوای یەكەكانیش ئەم راستییەی سەلماند كە دەبێت عێراق بەتەوافوق لەلایەن هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی بەڕێوەبچێت.

3-سەردانی چاوەڕوانكراوی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا، گفتوگۆی تێرو تەسەلی لەسەر كراو بەهەنگاوێكی دروست و تەندروست خوێندنەوەی بۆ كرا، بەتایبەتی كە ئەولەویاتی ئەم سەردانە رزگاركردنی پرۆسەی سیاسی لەم چەقبەستوییەو دیاركردنی هەنگاوەكان بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و كێشەكانی دیكەی نێوان هەردوولا بەلەبەرچاوگرتنی رووداوەكانی هەرێمایەتی و دەولی و رەنگدانەوەیان لەسەر عێراق و كوردستان بەگشتی و بارودۆخی خودی عێراق لەڕووی پێكهاتەو قەیرانەكانی بەتایبەتی، كۆبوونەوە بەرۆشنی جەختی كرد لەسەر ئەوەی كە گفتوگۆی ئەمجارە، دەستەبەرو دڵنیایی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و مادەی 140-ی تیاباس دەكرێ، ئەویش بەدیاریكردنی كات و ماوەی چۆنیەتی بەدیهێنانی داخوازییەكان.

4-هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوی هاوبەشی هەموو لایەنەكانی كوردستان بۆ هەڵبژاردن پشتگیری بكرێت و بەسەركەوتوویی ئەنجامبدرێ و هەماهەنگی تەواو لەنێوان لایەنەكانی كوردستانی بەشدار بەردەوام بێت.

5-سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی كوردستان گفتوگۆ كرا كە لەكاتی خۆیان ئەنجامبدرێن و ئەم بابەتە پێویستی بەدوا گفتوگۆی وردتر هەیەو بۆ ئەم مەبەستەش رای شارەزایان وەردەگیرێ، هەروەها بۆ دوا بڕیاریش، بیروڕا لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا، ئاڵوگۆڕ دەكرێ. بۆیە رێكارو میكانیزمی پێویست دیاریكرا كە تاهەفتەی داهاتوو تەواو بكرێ و بڕیاری كۆتایی بدرێت.

ئەمەو كۆبوونەوە هاوبەشەكان بەردەوامیان دەبێت

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان     پارتی دیموكراتی كوردستان

4/3/2013

هەواڵی پەیوەندیدار