جێگری پارێزگاری مووسڵ: ھێنانی چەکدار و خێزانی داعش بۆ سنووری مووسڵ بریندارکردنی ھەستی خەڵک و مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە

مووسڵ -KDP.info- حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان و سەرجەمیشیان بۆ سنووری پارێزگای مووسڵ دەگەڕێنێتەوە، جێگری پارێزگاری مووسڵیش دەڵێت: ''حکوومەتی عێراق بەبێ پرسکردن بە ئێمە ئەو کارە دەکات و ئەوە سووکایەتیکردنە بە ھەستی خەڵک و مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە.''
ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گەڕاندنەوەی چەکدار و خێزانەکانی داعش بۆ سنووری مووسڵ پرس بە ئێمە ناکەن و لە ھەموو پارێزگایەش تەنھا بۆ مووسڵ دەیانگەڕێننەوە کە چەندین تاوانیان دژی خەڵکی ئێمە کردووە، حکوومەتی عێراق لەجیاتی ئەوەی بێت خەڵک قەرەبوو بکاتەوە، دێت ھەستیان بریندار دەکات بە گەڕاندنەوەی چەکدار و خێزانەکانی داعش.''
جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: ''ئەو چەکدارانە چەندین تاوانیان دژی خەڵکی ئێمە ئەنجام داوە و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەوانە قەرەبوو بکاتەوە، نەک بێت جارێکی دیکە برینداریان بکاتەوە بە ھێنانەوەی چەکدار و خێزانەکانی داعش.''
حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی چەکدار و خێزانەکانی داعش و لە دواین جاریشدا ٥٠ چەکداری داعشی وەرگرتووەتەوە و پشتریش ژمارەیەکی زۆر خێزانی بۆ مووسڵ گەڕاندووەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




