كونسوڵی گشتیی فەرەنسا له هەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتیی کرد

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ٢٠٢٢/٦/١ له بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە سەڵاحەددین، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازیی له ئولیڤیا دیكۆتینی، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا له هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا که هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوو، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی میوان، سوپاسی سەرۆك و گەلی فەرەنسای کرد بۆ پشتگیرییه بەردەوامەکانیان لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسای به بەرز نرخاند.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی باسی له بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کرد و ئاماژەی به پێویستیی یەكدەنگى و یەكڕیزیى لایەنه كوردییەكان بۆ چارەسەرکردنی کێشه و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد.
دواتر میرانی باسی له ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چۆنیەتیی بەھێزکردنی پەیوەندیی نیوان لایەنه سیاسییەكان بۆ خزمەتکردنی پڕۆسەی سیاسی له هەرێمی کوردستان و عێراقدا کرد.
هەر لە دیدارەکەدا، ئولیفیا دیكۆتینی، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا، خۆشحاڵی و سوپاسگوزاریی خۆى دەربڕی بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوه و پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی به بەرز نرخاند و هیوای خواست که کێشه و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا به گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و لایەنه سیاسییە کوردییەکان به یەكدەنگ له بەغدا کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد .
ڕاگەیاندنی م.س




