نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتیی کرد

هەولێر -KDP.info- پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٣٠/٥/٢٠٢٢، بەڕێز فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازیی لە خاتوو ماری پارێ، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئامادە بوو، بەڕێز فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای بەخێرھێنانی میوان، سوپاسی یەکێتیی ئەورووپای کرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەیگێڕن بۆ هاوکاریی پەنابەران و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی باسی لە ڕەوشی ئێستای عێراق و دواین هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی نێوان لایەنەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق کرد و ڕایگەیاند: ''ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی سەقامگیری و ئاشتییە لە کوردستان و عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە لە هەوڵدا دەبێن بۆ بەدەستهێنانی و لە ئایندەشدا ئەو هەوڵانە چڕتر دەکرێنەوە.''
لە درێژەی گفتوگۆکاندا باردۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان باسی لێ کرا و بەڕێز میرانی جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی سازانە و پێی وایە گرفتێکی وا نییە کە ببێتە بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەردەوامیی چاکسازی و خزمەتی میللەتی خۆمان، هەروەها باسی دانیشتنی شەش پارتە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
لە دیدارەکەدا خاتوو ماری پارێ سوپاسی مەکتەبی سیاسیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە و، ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق بۆ یەکێتیی ئەورووپا گرنگ و پێویستە و بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەکاندا.
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا ڕەوشی چەقبەستووی عێراقی بە ناتەندروست وەسف کرد و گوتی: ''ئەو باردۆخە لە بەرژەوەندیی دەوڵەت و گەلانی عێراقدا نییە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەنجامی هەڵبژاردن بکەنە پێوەری دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی فیدراڵیی عێراق و خزمەت بە دانیشتووانی عێراق بکەن.''
دەربارەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانیش خاتوو ماری پارێ گوتی: ''گرنگە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە کاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوە ببات و کار بکات لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان.''
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ڕاگەیاندنی م س




