فازڵ میرانی پێشوازیی لە باڵیوزی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ بەڕێز فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەڕێز هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە قەزای پیرمام پێشوازییان كرد لە بەڕێز مارك ڕیچاردسۆن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق و دەیڤید هەنت، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و، بەڕێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتییش ئامادەی دیدارەكە بوو.
لە دیدارەكەدا بەڕێزان میرانی و زێباری سوپاسی حكوومەتی بەریتانیایان كرد بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و بەتایبەتییش پێشوازییان لە سەرۆكی حكوومەت لە لەندەن و گرنگیدانی زۆر بە سەردانەكەی.
لە تەوەرێكی تردا، باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان پارتەكان و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم كرا. بەڕێز سكرتێری مەكتەبی سیاسی جەختی لەسەر هەڵوێستی پارتی كردەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئاماژەشی دا بە كۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەكێتی لای جەنابی سەرۆكی هەرێم و هیوایشی خواست هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن دەربارەی هەڵبژاردن و كێشەكانی تر.
هەر لە دیدارەکەدا پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق و هەوڵەكانی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی بۆ پێكهێنانی حكوومەت بۆ شاندی میوان ڕوون كرایەوە.
بەڕێز باڵوێزی بەریتانیا كۆ بوونەوە و دایەلۆگی نێوان پارتی و یەكێتیی بە گرنگ زانی و هەڵوێستی وڵاتەكەی خستە ڕوو دەربارەی گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا.
دەربارەی پرۆسەی سیاسیی عێراقیش باڵوێزی بەریتانیا ئەوەی خستە ڕوو كە ئەوان دەستوەردان ناكەن، بەڵام ڕۆڵی پۆزەتیڤ دەبینن بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و نەهێشتنی كۆسپەكان، چونكە عێراق پێویستی بە سەقامگیرییە و گەلی عێراق پێویستی بە كار و پرۆژەی خزمەتگوزاری هەیە.
بەڕێز سكرتێری مەكتەبی سیاسی سوپاسی كونسوڵی گشتیی بەریتانیای كرد بۆ ڕۆڵی كاریگەری لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان.




