٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی(٦٣)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات)

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی رۆژنامەی (خەبات)

رۆژنامەی (خەبات) وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانە، یەكەمین ژمارەی لە(٤ـی نیسانی ١٩٥٩)دەرچوو، ئەمەش بە دەستكەوتێكی گرنگ و بایەخداری بزاڤی رۆشنبیری و سیاسی گەلەكەمان دادەنرێ، بۆیە رۆڵ و كاریگەری خۆی هەیە لە پێشكەوتنی بزووتنەوەی رۆژنامەگەری كوردی و كولتوور و رۆشنبیری رەسەنی كوردەواریدا.

رۆژنامەی (خەبات) كە زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە درێژایی كاروانی كاركردنی هەمیشە سەكۆیەكی كراوە و ماڵی رۆشنبیران و نووسەر و رۆژنامەنووس و ئەدیب و خوێنەرانی بووە و تا ئەمڕۆش لەو پەیامە پیرۆزەیدا بەردەوامە بۆ دەوڵەمەندكردنی گیانی دیالۆگ و داكۆكیكردن لە ئازادی رادەربڕین و خستنەڕووی كێشە و گیروگرفتەكانی خەڵك و هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی.

كار و بەرنامەی رۆژنامەی (خەبات) هەمیشە رەنگپێدەری خواست و ویستی گەلەكەمان بووە، لەو بوارەشدا رۆڵی شیاوی خۆی بینیوە لە هۆشیاركردنەوە و جۆشدانی بیروباوەڕی راستەقینەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرەو پێشبردنی ئەو پرس و  كێشە چارەنووسسازانە.  

(٦٣)ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و مێژووی رۆژنامەگەری كوردی، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیەتی خۆی لە بواری رۆژنامەنووسیدا سەلماندووە وەكو رۆژنامەیەكی رەسەن و راستەقینە و بەرپرسیار لە بواری رۆژنامەوانی و راگەیاندندا. 

لە(٦٣)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات)دا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و نووسەران و خوێنەرانی ئازیزی رۆژنامەكەتان دەكەین و، دووبارە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشكەوتنی رۆژنامەكە رادەگەیەنین و ئومێدی سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین..

سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو رۆژنامەوانە پێشەنگ و ماندوونەناسانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو كاروانەیان بە ئەمڕۆ گەیاند..

بەرز و پیرۆزبێت(٦٣)ساڵەی تەمەنی رۆژنامەی(خەبات)..

 

مەكتەبی سیاسی 

پارتی دیموكراتی كوردستان

٤ـی نیسانی ٢٠٢٢

 

هەواڵی پەیوەندیدار