٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی پەنجاو دووەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ گەلەکەمان و کوردستانیان بە گشتی یادی رۆژێکی گرنگ و مێژوویی دەکەنەوە، بیرەوەری رۆژی رێککەوتننامەی(١١ی ئادار) ئەو رێککەوتنەی لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش بە رابەرایەتی بارزانی نەمر و حکومەتی ئەوسای عیراق مۆرکرا، کە بەرهەم و دەرەنجامی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی رۆڵەکانی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو.

گرنگی و بایەخی ئەو رێککەوتننامەیە وەک بەڵگەنامەیەکی سیاسی  و یاسایی کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی رزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان، چونکە یەکەمجار بوو حکومەتی عێراق دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیدارییەکانی گەلەکەمان و گرتنەبەری رێگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە عێراقدا.

تایبەتمەندی ئەو دەسکەوتە مەزنە لەوەدایە وێرای رەخساندنی زەوینەی بارودۆخێکی نوێی دانوستان و ئاشتەوایی، تا ماوەیەکیش کۆتایی بە شەڕوکوشتار و ماڵوێرانی هێنا و، کورد بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ ئەزموونی بەڕێوەبردنی ناوچە رزگارکراوەکانی کرد، هەروەها چەندین هەنگاوی بەرچاو نران بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان لەوانە: بڕیاردان لەسەر حوکمی زاتی لە کوردستانی عیراق و زمانی کوردی کرا بە دووەم زمانی فەرمی،..ھتد.

دەنگدانەوەی رێککەوتننامەی(١١ی ئادار)لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتێکی تر بوو بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەییمان و هەقیانەتی خەبات و تێکۆشانی رەوای گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، بۆیە ئەو رێککەوتننامەیە بە هەنگاوێکی بەسوود بۆ سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە ناسرا.

ئەو رووداوە گرنگە رۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی نێوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار رۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ.

رۆڵ و پلان و حیکمەتی پارتیمان و بارزانی نەمر لە مۆرکردنی رێککەوتننامەی(١١ی ئادار) ئەو ئاواتەی هێنایە دی و ئەو بەڵێنەی بردەسەر بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی ئازادی و سەرفرازی و هەنگاونان بۆ ناچارکردنی حکومەتی عیراق بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتننامەکە.

رێککەوتننامەی(١١ی ئاداری ١٩٧٠)کە پاش زنجیرەیەک شؤڕش و بەرخۆدان و دەردەسەریی هاتەئاراوە و لەو قۆناغەدا بناغەیەکی راست و دروستیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پتەوکردنەوەی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد داڕشت، هەروەها باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان و ئاوەدانی و پەروەردە و بونیاتنانەوە.

ئامانجی سەرەکی و ستراتیجی سەرکردایەتی شۆڕش و پارتیمان ئەوسا جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو رێککەوتننامەیە بوو وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ و بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانیەکان لە لایەن کورد خۆیەوە و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار، بەڵام حکومەتی مەرکەزی نەیدەویست رێککەوتننامەکە بە ئاکام بگات، بۆیە بەردەوام بوو لە هەنگاوی تاکلایەنانە دژ بەو رێککەوتننامەیە و سستی نواندن لە جێبەجێکردنی وەک نکوڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی کوردیبوونی کەرکووک و ئەنجامنەدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبوون، هەروەها گۆڕینی دیموگرافی خاک و شێواندنی واقیعی جیۆگرافی و نەتەوەیی دابڕینیان لە خاکی کوردستان.

لەم بیرەوەریە پیرۆزەدا وەک هەمێشە جەخت دەکەینەوە سەر رێبازی رەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و  هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاڵپشتیکردنی حکومەت و پاراستنی قەوارەی سیاسی و یاسایی ھەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانمان، لەلایەکی دیکەوە بەردەوام بوون لە سەر پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە رێگەیەکی راست و دروست بۆ دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییە رەواکانمان بە پێی یاسا و دەستوور.

بیرەوەری رێککەوتننامەی(١١ی ئادار) هاوکاتە لەگەڵ رۆژژمێری ئازادکردنی شاری هەولێر لە(١١ی ئاداری ١٩٩١) بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە رۆڵە خۆراگرەکانی شاری دێرین و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوادارین هەمیشە  نموونەی پێکەوەژیان و ئاسوودەیی و ئارامی و، لە پێشکەوتندا بن.

لەو یادەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان و پشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری و سەربەخۆیی کورد و

کوردستان دادنوێنین و، سڵاو و رێزی تایبەت بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان..

سڵاو لە بیرەوەری(٥٢) ساڵەی رێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.. 
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان..

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠ـی ئاداری ٢٠٢٢
 

هەواڵی پەیوەندیدار