٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شێروان جەمال: لەگەڵ گەڕانەوەی بێ بەرنامەی خێزانەکانی داعش نین بۆ عێراق

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک خێزانی دیکەی داعش ئەوانەی عێراقین و لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن بگەڕێندرێنەوە بۆ مووسڵ و نوێنەرێکی کوردیش پێی وایە، گەڕانەوەی خێزانە داعشەکان بەو شێوەیە کاریگەری لەسەر ڕەوشی ئەمنی دەبێت.

شێروان جەمال، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زیاتر لە چوار ھەزار خێزانی عێراقی لەنێو کەمپی ھۆلدا لە ڕۆژئاوای کوردستان ھەیە و نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس دەبن، بڕیارە بە چەند قۆناغێک ئەو خێزانە داعشانەی کەمپی ھۆل بگەڕێندرێنەوە عێراق و لە نێو کەمپی جەدعەی نزیک مووسڵ نیشتەجێ بکرێن، لە ئێستادا شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی کەمپی ھۆلی کردووە بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی نێو کەمپەکە".

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێشتر ٤٥٠ خێزان گەڕێندراونەتەوە عێراق و لەنێو کەمپی جەدعە جێگیرکراون، ڕەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی ٨٠٠ خێزانی دیکەش دراوە بۆ گەڕانەوە، گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی داعش بەشێوەی ئارەزوومەندانەیە".

شێروان جەمال ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێمە وەک کورد لە مووسڵ لەگەڵ گەڕانەوەی بێ بەرنامەی خێزانەکانی داعش نین بۆ عێراق و بە تایبەتیش بۆ شوێنێکی وەک نەینەوا، چونکە کاریگەری لەسەر ڕەوشی ئەمنی عێراق دەبێت و ھەموو ئەو کەسانەی لەنێو کەمپەکەدان پاشماوەی داعشن و ئێستاش لەوانەیە پەیوەندیان بە کەس و کاریان لەنێو چەکداری داعشەوە مابێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار