پێکھێنانی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەوێتە ھەفتەی داھاتوو

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق پێکبێن کە ٢٥ لیژنەیە و دابەشکردنی لیژنەکانیش بەپێی ڕێژەی کورسی فراکسیۆنەکان دەبێت.
موفق شێخ شەھاب سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوێنێ کۆبوونەوەیەک لە بارەی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن و گفتوگۆی بەردەوام دەکرێت تا ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق پێکبھێندرێن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: "٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی پەرلەمانی عێراق ھەیە و لیژنەکانیش بەپێی تەوافق و ڕێککەوتن و کورسی فراکسیۆنەکان دابەش دەکرێن و کورسی دەبێتە پێوەری دابەشکردنی لیژنەکان".
ھاوکات وتیشی: "ئێمە وەکو پارتی تا ئێستا دیار نیە کە چەند لیژنەمان بەردەکەوێت، چونکە ئەوە لەسەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان فراکسیۆنەکان دەمێنێتەوە، بەڵام بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بەشی خۆمان وەردەگرین".
بڵند ئیبراھیم




