٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

برووسكەی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی (69) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی لێژنەكانی راپەڕاندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان..

بەبۆنەی(69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان، یەكێتی قوتابیانی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندامانی یەکێتیەکەتان و تێكڕای قوتابیانی  كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە دڵسۆزانەو بەرپرسانە بۆ خزمەتكردنی توێژی قوتابیان  و پشتیوانیكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەردەوام بن.

یەكێتی قوتابیانی كوردستان، ئەمڕۆ کە یادی (69) ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەكاتەوە، توانیویەتی بەم تەمەنە دەوڵەمەند و پر بەخششەی بە بەرنامەیەكی تۆكمە و پێشكەوتنخواز، كە هەڵقوڵاوی رێبازی پیرۆزی بارزانییە، لە گشت قۆناغەكانی خەبات و تێكۆشاندا، رۆڵێكی دیار و بەرچاو ببینێ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریدا، بە چرای زانست و پێشكەوتن مێژوویەكی شكۆمەندانەی بۆ خۆی و سەرجەم توێژی قوتابیان تۆمار كردووە.

دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، دەستكەوتێكی گرنگ و بایەخداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە و، روون و بەرچاوە ئەرك و كاری توێژی بەرفراوانی قوتابیان چەندە بایەخدار و گرنگە و چ سەنگ و كاریگەریان هەیە بەسەر رێرەوی پەروەردە و فێركردندا چونكە  هێز و توانایەكی لەبن نەهاتوون و وەك گەنجینەیەكی بەهاداری خەباتی گەلەكەمانن، لەو پێناوەشدا یەكێتـی قوتابیانی كوردستان چەندین سەركردە و كادیری لێهاتوو و دڵسۆزی بەرهەم هێناوە.   

رۆڵی و سەنگی ئێوەی قوتابیان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە بەتایبەتی لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا، بۆیە پێویستە وەكوو هەمیشە سەری رمی تێكۆشان و وشیار كردنەوە و پێگەیاندنی نەوەیەكی وشیار و بەرپرسیار بێت و هەوڵ و كۆشش و بەرنامەكانتان لەپێناو پتەوكردن و بەهێزكردنی ئەم ئەزموونە و داكۆكیكردن لە دەسكەوتەكانمان بێت ،  بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەكی گەشتر .

جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتییەكەتان دووپات دەكەینەوە و، هیوا خوازین هەمیشە لە ئاست گرنگی ئەم ئەركە پیرۆزەتاندا بن و جێگای متمانەی ئەو توێژە و پێشڕەوی بزوتنەوەی قوتابیانی كوردستان بن بۆ بەدیهێنانی تەواوی خواست و داواكارییە رەواكانتان.

سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە رێگای سەروەری و سەرفرازی یەكێتیەكەتان و مافەرەواكانی گەلەكەمان گیانیان بەخشی..

سڵاو لە(69)ساڵەی دامەزراندن و خەباتی بەردەوام و بێسرەوتنی یەكێـتی قوتابیانی كوردستان..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٧ـی شوباتی ٢٠٢٢

 

هەواڵی پەیوەندیدار