٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جۆ بایدن، هۆشداری دەداتە هاووڵاتییەکانی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین

سەرچاوە: KDP.info

ئەمریکا-KDP.info- سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییەکانی و دەڵێت، "ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە".

لە گوتارێکیدا لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هێرشکردنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا". لە درێژەی گوتارەکەیدا بایدن هەوڵیدا نیگەرانیی خەڵک و بازاڕەکان کەمبکاتەوە و گوتی، "ئیدارەکەی تاوتوێی لێکەوتەکانی هێرشێكی لەو جۆرە دەکات" و، هەوڵ دەدات کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزەی ئەمریکا و جیهان، کەمتر بکاتەوە. 

لە گوتارەکەی نێو کۆشکی سپیدا، بایدن گوتیشی، "ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا ناڵێم کە ئازاربەخش نابێت، بەڵکو کاریگەریی لەسەر نرخی وزە دەبێت، راشیگەیاند، "ئێمە لەگەڵ گەورە بەرهەمهێنەر و بەکاربەرانی نەوتی جیهان هاوئاهەنگی دەکەین و لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکی کار دەکەین بۆ پاراستنی کاروباری خەڵک و وەڵامی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە وێستگەکاندا بدەینەوە".

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێشتا ئەگەری زۆرە رووسیا هێرشبکاتە سەر ئۆکراینا، بەڵام پێی وایە دەبێت چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە و بەدەستبهێندرێت. 

جۆ بایدن لە گوتارێکدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا واشنتن بەڵگەی دەستنەکەوتووە کە بیسەلمێنێت رووسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکراینا کشاندووەتەوە. 

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی تووندی دایە حکوومەتی رووسیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراینا و گوتی، واشنتن ئامادەیە سزای تووند بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت، بەڵام گوتیشی، "دەبێت دەرفەتی تەواو بدەینە دیپلۆماسییەت بۆئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت". 

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار