پەرلەمانتارێکی پارتی: کێشەی فەرمانبەرانی کۆمسیۆن چارەسەر دەکەین

بەغدا -KDP.info- دوای خۆپێشاندانی ڕۆژانی ڕابردووی فەرمانبەرانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، ھەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان و ئەمساڵ بەشێکی چارەسەر دەکرێت.
د. نەھلە قادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوو جۆر فەرمانبەر ھەیە، بەشێکیان گرێبەستیان بۆ کراوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و دواتر دەکرێتە ھەمیشەیی، ئەوانە بەردەوام دەوامی خۆیان دەکەن وەک فەرمانبەر، بەشێکی دیکە تەنیا لە کاتی پێویست کۆمسیۆن کاریان پێ دەکات و ساڵانە گرێبەستیان نوێ دەکرێتەوە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ھەردوو جۆرەکەی فەرمانبەرانی کۆمسیۆن داوای دامەزراندن دەکەن، ئێمەش وەک نوێنەرانی ھاووڵاتییانی کوردستان ھەوڵەکانمان دەست پێ کردووە و داواکاریی فەرمانبەرانی کۆمسیۆنمان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە ھەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین تا یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە.''
د. نەھلە قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەوانەی گرێبەستی پێنج ساڵەیان ھەیە، ئەوە سێ ساڵە گرێبەستیان کردووە و پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، ئەوانە لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەت کێشەکەیان یەکلا دەکرێتەوە، ئەوانەیشی ساڵانە گرێبەستیان ھەیە، لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق دادەمەزرێن، هەرچەند بەڵێنی ئەوەمان وەرنەگرتووە کە ھەموویان پێکەوە دابمەزرێنن، بەڵام دەکرێ بە چەند قۆناغێک جێگەیان بکرێتەوە، چونکە ژمارەیان زۆرە و لە سەرتاسەری عێراق ھەن.''
قائید میرۆ




