ڕەفعەت سمۆ: کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی مووسڵ، پێویستی بە ھێزی ھاوبەشە

مووسڵ -KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی، ھۆکاری تێکچوونی دۆخی ئەمنیی سنووری مووسڵ و زیادبوونی جموجۆڵی داعش بەھۆی خراپیی دۆخی سیاسیی عێراق و نەبوونی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقە، چونکە داعش لە مووسڵ شانەی نوستووی ھەیە و بەردەوام تیرۆریستانیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێن.
رەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ماوەیەکە دۆخی ئەمنیی مووسڵ باش نییە و بەردەوام تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری دەستگیر دەکرێن، چونکە لەناو مووسڵ داعش شانەی نوستووی ھەیە و جموجۆڵیان زیادی کردووە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە دۆخی سیاسیی عێراق باش نییە و ئەو ھێزانەی ھەن وەکوو پێویست ناتوانن پارێزگاری لە دۆخەکە بکەن و تا ئێستا حکوومەت پێک نەھاتووە و ئەمانەش کاریگەریی لەسەر تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ھەیە'' .
ڕەفعەت سمۆ گوتیشی: ''گرنگە ھێزی ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان پێک بھێندرێت، چونکە تاکوو ھێزی ھاوبەش نەبێت ھەرکاتێک دۆخی سیاسی خراپ بێت، دۆخی ئەمنییش تێک دەچێت و چالاکیی داعش زیاد دەبێت.''
سمۆ باسی لەوەش کرد: ''جگە لەوە، یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی زیادبوونی چالاکیی داعش لە سنووری مووسڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سنوورەکانیش بە باشی کۆنترۆڵ نەکراون و ھێزی میلیشیای لێیە، بۆیە گرنگە سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و سووریا بە باشی کۆنترۆڵ بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت جووڵەکانی داعش کۆنترۆڵ بکرێت''.
بڵند ئیبراھیم




