٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

" عێراق ھەزاران خێزانی داعش لە سووریاوە دەگەڕێنێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- حکوومەتی عێراق ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ گواستنەوەی کەسوکاری داعش لەنێو کەمپی ھۆلەوە بۆ عێراق و پەرلەمانتارێکیش گەڕانەوەیان بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق.

بەھا ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "عێراق ڕەزامەندە بە گەڕانەوەی ھەزاران خێزانی داعش لەنێو کەمپی ھۆلی سووریاوە بۆ عێراق و دەیەوێت پڕۆسەکە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە بچێت، کە ژمارەیان ٤٥ ھەزار کەسە.''

لەم بارەیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک لەو خێزانانە پێشتر گەڕێندراونەتەوە و لە کەمپی جەدعەی نەینەوا نیشتەجێ کراون، بەڵام ئێمە گەڕاندنەوەیان بە مەترسی دەزانین بۆ سەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق و ناوچە کوردستانییەکان.''

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی ئەو خێزانەی داعش ھێشتا پەیوەندییان لەگەڵ چەکدارانی داعش ھەیە و نەوەی نوێی داعش خەریکە لەنێو کەمپەکاندا پێدەگات، ئەوەش جێگەی مەترسییە و پێشبینی دەکرێت لە داھاتوودا ئەو گەنجە تازەپێگەیشتووانە پەیوەندی بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە بکەن.''

بەھا ئەعرەجی نەیشاردەوە کە ژمارەیەکی زۆری کەسوکاری داعش تەمەنیان گەیشتووەتە ھەژدە ساڵ و دەڵێت: "کەمپەکە تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سنووری عێراقەوە دوورە و، لەبەر ئەوە پێویستە تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار