گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەعفەر ئیبراهیم: لەگەڵ چارەی كێشەكانی عێراقین لە چوارچێوەی دەستووردا

بەرەو دیتنێكی ستراتیژیانەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دروشمی ئەو كۆڕە بوو كە لە لایەن دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەعفەر ئیبراهیم رێك خرابوو.
لەو كۆڕەدا كە بە ئامانجی خستنەڕووی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو، كە تێیدا سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ژمارەیەكی بەرچاوی پەرلەمانتارانی هەرێم و سیاسەتمەداران و رۆشنبیران، بە بەشداریكردن لە گفتوگۆی چڕ و پڕ و تاوتووكردنی پرسە هەنووكەییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی، بەشدار بوون.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەعفەر ئیبراهیم، هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە جەختكردنەوە لەسەر چارەسەری دەستووری و پەلەكردن لە كۆتاییهێنان بە قۆناغی ئاساییكردنەوە و ئەنجامدانی سەرژمێری و ریفراندۆم و داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نوێ بەپێی میكانیزمێكی گونجاو بۆ كاراكردنی ماددەی 140 و بوونی چاودێری نێودەوڵەتییشی بۆ چارەسەری گرفت و ئاریشەكان بە زەروورەتی ئێستای رەوشەكە زانی و گوتیشی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەن، كێشەی هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵكوو كێشەی هەموو كوردستانە و خەڵك و سەركردایەتیی سیاسیی كوردیش لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانە و زمانی دیالۆگدایە.
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە كە "ئێمە سوورین لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی ئەمڕۆی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێویستە ستراتیژییەكی نوێ بە میكانیزمێكی گونجاو بۆ كاراكردنی ماددەی 140 دابڕێژرێت."

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


