سبەی دادگای فیدراڵی دوایین بڕیاری خۆی دەدات

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ھیچ کارێکی نایاسایی تێدا نەکراوە و دادگاش لە دانیشتنی ڕابردوودا دەرفەتێکی بە لایەنەکان دا، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، بەڵام سبەی بڕیاری کۆتایی دەدات و دانیشتنەکە بە یاسایی و دەستووری لە قەڵەم دەدرێت.
مۆفەق شێخ شەھاب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سبەی دادگای فیدراڵی دانیشتنێکی دیکە لەبارەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجام دەدات، کە تێیدا بڕیاری کۆتایی دەدرێت و دانیشتنەکەش بە یاسایی و دەستووری لە قەڵەم دەدرێت، چونکە ھیچ کارێکی نایاسایی نەکراوە و تەنھا تانە پێشکەش کراوە، کە تەعەدا لە سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان کراوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە و تانەکان ھیچ کاریگەرییەکیان نابێت و سبەی کۆتایی بەو پرسە دێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕووونیشی کردەوە، دادگا خۆی لە کۆبوونەوەی رابردوودا دەرفەتێکی بە لایەنەکان دا بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، بەڵام کە نەگەیشتنە رێککەوتن، سبەی بڕیاری کۆتایی دەدات و کۆبوونەوەکە بە یاسایی ھەژمار دەکرێت و، دەستەی سەرۆکایەتیش لە کۆبوونەوەی خۆیان بەردەوام دەبن و پەرلەمان دەست بە کارەکانی خۆی دەکات بێ کشە و گرفت.
بڵند ئیبراھیم




